نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا: تاوەکو لێکۆڵینەوە لە تەرمی کۆچبەران کۆتایی ‏نەیەت ناتوانین بیانگەڕێنینەوە

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕایگشتی ‏لەبارەی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەران بڵاوكردەوە، دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی ‏لێکۆڵینەوەکان لەلایەن فەرەنساوە دەتوانرێت بگەڕێنرێنەوە، تەنها لایەنیش بۆئەوە ‏باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم دەبێت.‏

ڕاگەیەندراوەکەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو بەلەمەیە کە لە هەفتەی ‏ڕابردوودا لە کەناڵی مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا نوقمبوو و بەهۆیەوە 27 کۆچبەر ‏خنکان.‏

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە ‏پەیوەندیدارەکانی فەرەنسا، لێکۆڵەری دادگای پاریس و پۆلیسی فەرەنسا و باڵیۆزخانەی ‏عێراق لە فەرەنسا لە پەیوەندیدان، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسی تیمی لێکۆڵینەوە لە ‏دۆسیەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی ‏کوردستانەوە کردووە و زانیاریی خستووەتەڕوو. ‏

ئاماژەی بەوەکردووە، تائێستا 27 تەرم دۆزراونەتەوە و لەلایەن حکومەتی فەرەنسا و ‏پزیشکی دادی ئەو وڵاتەوە لێکۆڵینەوە لە تەرمەکان دەکرێت بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی ‏ناسنامەکانیان لەڕێگەی پشکنینی ‏DNA‏ یان پەنجەمۆر یان ددانەوە، دوای کۆتاییهاتنی ئەو ‏لێکۆڵینەوانە ڕێگە بە گەڕاندنەوەی تەرمەکان دەدرێت. ‏

نوێنەرایەتییەكەی حكومەتی هەرێم جەختیشدەکاتەوە، تائێستا نازانرێت چەند لەو کۆچبەرانە ‏کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن، ئەو دەنگۆیانەشی باس لە شێواندنی تەرمەکان ‏دەکات ڕەتدەکاتەوە و دڵنیایی دەدات جگە لە پۆلیس و پزیشکی دادی فەرەنسی هیچ ‏کەسێک نەیتوانیوە تەرمەکان ببینێت. ‏

بەپێی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، باڵیۆزخانەی عێراق لە فەرەنسا و ‏نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە تاکە دوو لایەنی فەرمین کە بۆ ئەو دۆسیەیە و ‏ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن حکومەتی ‏فەرەنساوە.‏

 

 

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی گواستنەوە ڕێژەی پابەندبوونی پارێزگاکانی بە لێدانی لەزگەی تاکسی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

لەژێر باڵی ئەمریكا و بەچاودێریی ڕوسیا<br> كورد گەڕێكی نوێی وتووێژ لەگەڵ سوریا دەستپێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share