کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان هەڵمەتێکیان ڕاگەیاندووە، وێنەی خۆیان بە ئاماژەی بەرزکردنەوەی دوو پەنجەی سەركەوتن بڵاودەکەنەوە و دژی “شکاندنی پەنجەی زیندانیکراوێکی بادینان” دەوەستنەوە.
پێشتر لە ڕاگەیەندراوێكدا کەسوکاری زیندانیکراوان ئاشكرایانكردبوو، ” لەسەرەتای ڕفاندنی زیندانیانی شیلادزێ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، زۆر بە توندی ئەشکەنجدراون (دوو پەنجەی ئەمجەد ڕێکانی، کە وەک ھێمای ئازادی لە وێنەکاندا بەرزیدەکردنەوە، شکێنراون) و لەژێر ھەڕەشە و ئەشکەنجەدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێکردوون و ڤیدیۆیان تۆمارکردوون”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتبوو، ” ئەشکەنجەدانی زیندانیانی بادینان گەیشتە لوتکە و پەنجەکانیان وەک ھێمای ئازادی شکێنراون، دەستیان بە مانگرتن کردووە و داوای بەھانەوەچوونیان دەکەن”.
کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان ڕاشیانگەیاندووە، “پارتی نازانێت پەنجە بەرزکردنەوە پەیوەندیی بە پەکەکەوە نیە و ھەر لەسەردەمی وینستۆن چەرچل و دواتر لە ئەمریکا و ھەموو جیھان وەکو ھێمای ئاشتی و ئازادی بەکارهێنراوە”.
دوای ئاشكراكردنی ئەو ئەشكەنجەدانە و شكاندنی پەنجەی دەستگیركراوانی شیلادزێ، لە بادینان هەڵمەتی پشتگیریكردن لێیان دەستیپێكردووە و پشتگیریكەران وێنەی خۆیان بە ئاماژەی بەرزكردنەوەی هەردوو پەنجەی سەركەوتن بڵاودەكەنەوە.