“فەخریزادە لە بەرنامەی چەكی ئەتۆمیدا كاریكردووە”

لە تشرینی دووەمی 2020 فەخریزادە لە ناوچەی دەماوەندی ڕۆژهەڵاتی تاران بە فیشەك كوژرا

ئەو زانا ئەتۆمییە ئێرانییەی ساڵی ڕابردوو لە هێرشێكدا كوژرا لە بەرنامەی چەكی ئەتۆمیدا كاریكردووە، وەك ئەوەی سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی ئاماژەی پێدەدات.

فەرەیدون عەباسی، سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە میانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئێرنا ڕایگەیاند، موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆم لە بواری بەرنامەی چەكی ئەتۆمیدا كاریكردووە.

چاوپێكەوتنەكە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی كوژرانی فەخریزادە لە ڕۆژهەڵاتی تاران.

عەباسی، كە خۆیشی زانای ئەتۆمیی ئێرانییە، وتی، “فەخریزادە ڕاسپێردرابوو نەك تەنها بۆ بەرگریكردن لە ئێران، بەڵكو بە پشتگیریكردنی ئەو لایەنانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكران”.

بەرپرسەكەی پێشووی ئەتۆمی ئێران، ئیسرائیلی بە كوشتنی فەخریزادە تۆمەتباركرد بەهۆی درككردنی بە “مەترسیدارییەكەی” و وتی، ئیسرائیل بەدوای “ئامانجی دیكەی هاوشێوەدا دەگەڕێت”.

ئاشكراشیكرد پێكەوە لە بواری “بەرگریی ئەتۆمیدا” كاریانكردووە.

سەرەرای ئەو لێدوانانە كە ئاماژەن بۆ بوونی بەرنامەی چەكی ئەتۆمی، محەمەد ئیسلامی، سەرۆكی ئێستای ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دووپاتیدەكاتەوە، ئێران نیشانیداوە كە ڕێڕەوە ئەتۆمییەكەی “تەنها ئاشتییانەیە”.

ئەو لێدوانانە لەكاتێكدایە ئێران و گەورە وڵاتانی جیهان لە هەوڵی دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانی تایبەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیدان.

لە تشرینی دووەمی 2020 فەخریزادە لە ناوچەی دەماوەندی ڕۆژهەڵاتی تاران بە فیشەك كوژرا، ئێران ئۆباڵی كارەكەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كرد، لە بەرامبەردا ئیسرائیل دانی بە ئەنجامدانیدا نەنا و ڕەتیشینەكردەوە.

بابەتی پێشتر

گواردیۆلا خیانەت لە مانچستەر سیتی ناكات

بابەتی دواتر

لە ڕووداوێكدا لەسەر ڕێگای هەولێر - كەركوك پێنج كەس بوونە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share