بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاروانێکی دیکەی کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوسیا لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان 425 کۆچبەر بوون.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرایکرد، ئەو گەشتە بە ڕێگا فەرمییەکان و بە ڕەزامەندیی هەردوو حکومەتی عێراق و بیلاڕوسیا گەڕێنراونەتەوە.
گەڕاندنەوەی ئەو ژمارە کۆچبەرە لە بەیانیی ئەمڕۆدا دەبێتە چوارەم کاروانی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سەر سنوورەكانی بیلاڕوسیا.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە چوار کاروانی ڕابردوودا گەڕێنراونەتەوە، دەگاتە هەزار و 458 کۆچبەر.
لەوبارەیەوە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی، گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە بە هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئەنجامدراوە، پابەنددەبین بە گەڕاندنەوەی هەر هاوڵاتییەکی کورد کە بیەوێت بگەڕێتەوە”.