كۆچ و ڕاو ناكۆكییەكانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا زیاددەكەن

بۆریس جۆنسن و ئیمانوێل ماكرۆن

سەرۆكی فەرەنسا ڕەخنەی لە هەڵسوكەوتە “ناجدییەكان”ی لەندەن گرت دەربارەی پرسی كۆچبەران، لە وەڵامی ئەو نامەیەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەڕێی تویتەرەوە بڵاویكردەوە و تیایدا داوا لە پاریس دەكات ئەو كۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە كە لە كەناراوەكانییەوە گەیشتوونەتە وڵاتەكەی.

لە وەڵامی ئەو نامەیەدا ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، “سەرسامم بەو هەڵسوكەوتانە كاتێك ناجددین”.

وتیشی، “پەیوەندی نێوان بەرپرسێك و ئەوی دیكە لە پرسی لەم جۆرەدا لەڕێی تویتەر و بڵاوكردنەوەی نامەوە نابن”.

پەڕینەوەی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا بەردەوام خاڵی ناكۆك بووە لەنێوان پاریس و لەندەن، بەرپرسانی شانشینی یەكگرتوو پێیانوایە هەوڵەكانی فەرەنسا بۆ ڕێگری لە پەڕینەوەی كۆچبەران لە سنوورە ئاوییەكانەوە لاوازە.

لەو چێوەیەدا پاریس بەشداریكردنی بریتی باتیل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیای ڕەتكردەوە لەو كۆبوونەوەیەی بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە دەربارەی دۆسیەی كۆچبەران ئەنجامبدرێت.

لەندەن داوای لە پاریس كرد پاشەكشە لە بڕیارەكەدا بكات كە پاش نامەكەی بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دێت و تیایدا داوای لە فەرەنسا كردبوو ئەو كۆچبەرانە بگەڕێننەوە كە بە نایاسایی گەیشتوونەتە وڵاتەكەی.

هەروەك داوای لە فەرەنسا و ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆک کۆمار کرد، ڕێگریبکەن لە کۆچی کۆچبەران لە (کەناڵی مانش)ەوە بۆ بەریتانیا، تا کارەساتی دیکەی مرۆیی ڕوونەدات، دوای ڕووداوی خنكانی 27 كۆچبەر لە بەلەمێكدا.

لەو نامەیەدا كە ئاراستەی بریتی باتیل كراوە، جیرالد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، نامەكەی جۆنسۆن بۆ سەرۆكی فەرەنسا بۆ خۆی “مایەی بێ هیواییە” دەشڵێت، بڕیاری بڵاوكردنەوەشی “زۆر خراپترە”.

ئەوەی نیگەرانییەكانی هەردوو وڵاتی زیادكردووە، كە لە بنەڕەتدا ناكۆكن سەبارەت بە بنەماكانی بازرگانی و مافی ڕاوكردن دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، ڕێگریكردنی ڕاوچییانی فەرەنسییە لە كەشتییەكی بارهەڵگری بچوكی بەریتانیا لە تێپەڕبوون بە بەندەری كالیە و تونێلی كەناڵ كە دوو ناوەندی سەرەكیی بازرگانی نێوان بەریتانیا و ئەوروپان.

ڕاوچییە فەرەنسییەكان دوێنێ هەینی دەستیانكرد بە پەكخستنی جوڵەی هەموو ئەو كەشتییانەی لەڕێی كالیە-وە لە باكووری فەرەنسا دەیانویست بگەنە بەریتانیا و داوای چارەسەری ناكۆكییەكان سەبارەت بە ڕاوكردنی ماسییان كرد كە بەهۆی برێكست لەگەڵ بەریتانیا هاتووەتە ئاراوە.

سێ ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

دەوترێت بەشێكی بەرچاوی قوربانیانی ڕووداوەكە كوردن، بەڵام تائێستا ناسنانەی دوو كۆچبەری كوردیان زانراوە.

بابەتی پێشتر

چەند هۆکارێک ئەگەری دروستبوونی ئازار لە قاچەکاندا زیاددەکەن

بابەتی دواتر

كەی ڕامۆس دەتوانێت یاریی بكات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share