لاپۆرتا دەگەڕێتەوە بۆ بەرشلۆنە؟ بەڵێنی دوو ناوی گەورە بە کەتەلۆنییەکان دەدات

سەرۆکی پێشووی یانەی بەرشلۆنە، خوان لاپۆرتا لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی یانە بەڵێنی دوو ناوی گەورە بە هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە دەدات.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا لاپۆرتای ناسراو بە سەرۆکی سەردەمی زێڕین بڕیاری لەبارەی خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی یانەی بەرشلۆنە نەداوە، بەڵکو تاووتوێی دۆخەکە دەکات و لە هەوڵدایە ستافێکی بەهێز و کاریگەر کۆبکاتەوە.

ئەگەر لاپۆرتا لە کۆکردنەوەی ستافەکەیدا سەرکەوتووبێت خۆی کاندید دەکات، بە پێچەوانەشەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکات و لەسەر کاری پارێزەری بەردەوامدەبێت.

بەپێی سەرچاوەکە، سەرۆکی سەردەمی زێڕین توانیویەتی لەگەڵ ماتیۆ ئالیمانی بە ڕێککەوتن بگات سەبارەت بە کارکردن لە پڕۆژەی نوێی بارسا.

ماتیۆ ئالیمانی لە تەمەنی 27 ساڵیدا جێگری سەرۆکی یانەی مایۆرکا بووە، لە تەمەنی 30 ساڵیدا (ساڵی 1993) پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ڤالێنسیای لە دوو سەردەمی جیاواز تاوەکو ساڵی 2000 بەدەستهێناوە، لە 2017 تاوەکو 2019 هەمان پۆستی وەرگرتووەتەوە و یەکێکە لە سەرکەوتووترین کەسایەتییەکان لە بواری کارگێڕی و دارایی، یانەی ڤالێنسیای لە دۆخێکی زۆر خراپەوە بەرەو سەرکەوتن گەڕاندووەتەوە.

کەسایەتییەکە بە مەدریدێستا ناودەبرێت، بەڵام لە ساڵانی 2000 بۆ 2005 و 2009 بۆ 2010 ڕەتیکردووەتەوە پۆستی بەڕێوبەری گشتی یانەی شاهانە لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێز وەربگرێت.

بەڵێنی دووەم

موندۆ دیپۆرتیڤۆ دووپاتیدەکاتەوە، دووەم بەڵێنی لاپۆرتا بریتییە لە سوودوەرگرتن لە دۆخی داڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی یانەی بایرن میونشن و گواستنەوەی بۆ یانەی بەرشلۆنە.
سەرۆکی پێشوو پێیوایە کڕینی ئالابا کێشەی چەندین ساڵەی هێڵی بەرگری ئازولگرانا چارەسەردەکات.

بابەتی پێشتر

فێرگسۆن پێشنیازی پۆچتینۆ بۆ مانچستەر یونایتد دەکات

بابەتی دواتر

ئەو وەرزشکارانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پاڵپشتیی ترەمپ و بایدن دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share