بۆ هەر کۆچبەرێک هەزار یۆرۆ.. قاچاخچییەکانی مانش ملیۆنان دۆلاریان لەو ڕێگەیەوە کۆکردووەتەوە

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی باس لە مەترسییەکانی ڕێگای گەیشتن بە بەریتانیا و نەهامەتییەکانی کۆچبەران لە کەناڵی مانش-ی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەکات و ئاشکرایکردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو بەلەمانەی قاچاخچییەکان بەکارياندەهێنن پڕ مەترسی و ناسەلامەتن، بەڵام بۆ هەر کۆچبەرێک هەزار یۆرۆ وەردەگرن.

ڕۆژنامەکە لەزاری یەکێک لە قاچاخچییەکانەوە کە لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستگیرکراوە بڵاویکردووەتەوە، مانگانە بڕی زیاتر لە سێ ملیۆن یۆرۆیان دەستدەکەوێت کە دەکاتە نزیکەی (3.37) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بۆ هەر کۆچبەرێکیش کە بیگەیەننە بەریتانیا بڕی هەزار بۆ دوو هەزار یۆرۆی لێوەردەگرن بەبێ ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ بگەڕێننەوە لەئەگەری شکستهێنانی بە گەیشتن بەو وڵاتە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەگەر کۆچبەرێک لەلایەن قاچاخچییەکانەوە گەرەنتی گەیشتن بە وڵاتی بەریتانیای پێبدرێت ئەگەر چەند جارێکیش شکستبهێنێت دووبارە بەهەمان ڕێگە ببرێت، ئەوا پێویستە کۆچبەرەكە بڕی 10 هەزار یۆرۆ (11.2) هەزار دۆلار بدات بە قاچاخچییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆڕەكانی ئەو قاچاخچییانە بە ڕێکخراوی کارەکانیان دەکەن و زۆرترین ژمارەی کۆچبەر بۆ هەر گەشتێکیان کۆدەکەنەوە بەبێ ئەوەی گوێ بە سەلامەتی و توانای بەلەمەکانیان بدەن کە لەڕێگەی کەناڵی مانشەوە گەشتەكە دەكەن و کۆچبەرەکان لەو کامپانە کۆدەکەنەوە کە لە سنوورە ئاوییەکانی فەرەنسا دروستکراون.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕۆیشتنی کۆچبەران لەڕێگەی کەناڵی ئاویی مانشەوە زیادیکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕێگاکانی دیکەی گەیشتن بە بەریتانیا كە لەڕێگەی بارهەڵگرەکانەوەن، چاودێریی توندیان خراوەتەسەر.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری دیدیە لیچی بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆچبەران لە فەرەنسا بڵاویكردەوە، قاچاخچییەکان کەناڵی مانش وەک ڕێگایەکی یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بەکاردەهێنن و هانی کۆچبەران دەدەن بە بڕی 1100 بۆ 2800 یۆرۆ لەڕێگەی مانشەوە بگەنە بەریتانیا.

سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی کەناراوەکان ئاماژەی بەوەکردووە كە فەرەنسا بۆئەوەی بەتەواوی کۆنترۆڵی ئەو سنوورانە بکات، پێویستی بە هەزاران پۆلیس دەبێت کە بە جێگیری لەوێدا دابنرێن.

پۆلیسی فەرەنسا ئاشکرایکردووە، باندێکی ئەو قاچاخچییانە کە ئەم هەفەتەیە دەستگیرکران لەهەر مانگێکدا 250 کۆچبەریان لەو سنوورانەوە گەیاندووەتە بەریتانیا و بۆ هەر کۆچبەرێکیش بڕی شەش هەزار یۆرۆیان وەرگرتووە و نزیکەی سێ ملیۆن یۆرۆیان بەدەستهێناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەدوایین ڕووداودا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 27 کۆچبەر لە کەناڵی مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لەکاتی هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیانلەدەستدا.

بابەتی پێشتر

 جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕاوێکی نوێدا.. تەندروستیی جیهانی لەبارەی مەترسییەکانییەوە کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

لیرەی لوبنانی نزمترین بەهای لە ماوەی 25 ساڵدا تۆماركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share