جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕاوێکی نوێدا.. تەندروستیی جیهانی لەبارەی مەترسییەکانییەوە کۆدەبێتەوە

ناوەندی ئەوروپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان ئاستی هۆشداریی لەبارەی کۆرۆناوە بۆ ئاستێکی زۆر بەرز زیادکرد، ئەمەش دوای ئەوەی سەرهەڵدانی گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنا لە باشووری ئەفریقا ڕاگەیەنرا و بەریتانیاش بە گرنگترین گۆڕاوی کۆرۆنای دادەنێت.

بڕیارە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ هەینی لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕاوە نوێیەکە و کاریگەریی ڤاکسینەکان لەسەری کۆببێتەوە.

ماریا ڤان کەیرکۆڤ سەرۆکی کۆمەڵەی هونەریی نەخۆشییە بەپەلەکان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا بەناوی ” B.1.1.529″  كە لە باشووری ئەفریقا بڵاوبووەتەوە، کۆدەبێتەوە.

ئەو گۆڕاوە نوێیەی بڵاوبووەتەوە ناوی “B.1.1.529″ـە و لە دەیان شریتی “پرۆتینی سپایک” پێکهاتووە، کە بەتەواویی جیاوازە لەو شریتانەی لە ڤایرۆسە بنەڕەتییەکەدا هەن و بنچینەی ڤاکسینەکانیان لێدروستکراوە.

کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لەوبارەیەوە ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، پێشنیازی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقای باشوورەوە دەکەن، تاوەکو ئەنجامی توێژینەوەکانی زنایان لەبارەیەوە ئاشکرادەبن.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە پێشنیازی هەڵپەساردنی گەشتەکانمان لە باشووری ئەفریقاوە کردووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی “B.1.1.529″ـەوە.

بەوهۆیەوە هەریەکە لە بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا داخستنی گەشتەکانیان بەڕووی ئەو گەشتیارانەدا ڕاگەیاند کە لە باشووری ئەفریقاوە دێن.

وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، “ئەمە گرنگترین جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە تائێستا زانایان لە توێژینەوەکانیاندا ڕووبەڕووی بوونەتەوە”.

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی كیشوەرە پیرەکە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیان لە باشووری ئەفریقاوە ڕاگەیاند، لەبەرامبەردا بەشێکیشیان وەک فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەندا ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی “B.1.1.529”  لە وڵاتەکانیان.

هەروەها حکومەتی ئیسرائیل تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی گۆڕاوەکەی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە هاوڵاتییەکی ئیسرائیلییە و لە وڵاتی مالاوی گەڕاوەتەوە و ئێستا لە کەرەنتینەدایە.

هاوكاتی ئیسرائیل، بەلجیكاش تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەو گۆڕاوە نوێیەی كۆرۆنای ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەندیی پاسپۆرتەكان خرایەدەرەوە

بابەتی دواتر

بۆ هەر کۆچبەرێک هەزار یۆرۆ.. قاچاخچییەکانی مانش ملیۆنان دۆلاریان لەو ڕێگەیەوە کۆکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share