دیار نییە بڕەكە چەندە.. بودجە بۆ وەزارەتی خوێندنی ‏باڵا تەرخانكرا بۆ باشتركردنی ‏دۆخی خوێندكاران

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی ‏باڵا بۆ باشترکردنی بارودۆخی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان.

لەبارەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانیشەوە، جەختکرایەوە لەسەر ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکیی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان و خوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توندوتیژی.

ڕاگەیەندراوی فەرمیی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران..

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نۆڤێمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد، کە ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر، لە جیهان و هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لەپێناو نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەم جەخت لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان کراوەتەوە .

پاشان سەرۆکی حکومەت، باسی لە گرنگیی بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) کرد کە لە ڕۆژانی 19 – 21ی نۆڤێمبەری 2021 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە وەدا کە بەشداریی هەرێمی کوردستان، جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵی گرنگی هەرێم وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکان کرا، کە پێویستە دایەلۆگێکی هێمنانە لەنێوان لایەنەکاندا بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە بایەخی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا کردەوە لە پێناوی دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بابەتی ناڕەزایی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان تاوتوێ کرا، کە ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجومەن، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکیی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان و خوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توندوتیژی، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە لەلایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاریی دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێمی کوردستان، کە لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختی کردەوە لە بەردەوامیی بەھاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێم، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ، لێکۆڵینەوە و ڕێکاریی یاسایی بگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی ئەم بارودۆخەیان قۆستووەتەوە و بازرگانی دەکەن بە ژیان و سەلامەتیی کۆچبەران.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە ، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر بوو لەلایەن عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا بارودۆخی ژینگە لە هەرێم خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە بایەخی ژینگە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، کە پرسێکی نێودەوڵەتيی گرنگە و جێی بایەخ و گرنگیی حکومەتی هەرێمیشە، بۆیە گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە هاوکاری دەستەی پاراستن و چاککرنی ژینگە بکەن بۆ ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لەلایەن سەرۆکی دەستەوە لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو، بڕیاردرا ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی زانستیی فراوان و گشتگیر بۆ پەرەپێدانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

بۆچی مانچستەر یونایتد ناگەڕێتەوە لوتکە؟ زڵاتان وەڵامدەداتەوە..‏

بابەتی دواتر

خۆپیشاندان و ناڕەزایی.. چەند بارەگا و فەرمانگەیەك سوتێندران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share