لە توركیا “شەوی كەركوك” ڕێكخرا
ئەرشەد ساڵحی: كەركوك ئەمانەتی ئەتاتوركە

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی لە ڕێوڕەسمی “شەوی كەركوك” كە ‏دوێنی شەو لە شاری سەكاریای توركیا ڕێكخرابوو، وتارێكی پێشكەشكرد و وتی، ‏‏”کەرکوک لەلایەن ئەتاتورکەوە ئەمانەتی ئێمە کراوە و دەیكەم بە تەنگەبەر بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان”.

لە وتارەكەیدا ساڵحی كە كاندیدی براوەی توركمانە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی ‏نوێنەران و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنەكە بووە، ڕایگەیاند، “ئەوان و پشتیوانەكانیان ‏هەرچەندە بەهێزبن، كارێك دەكەم لە كەركوك جێگەیان نەبێتەوە، هەرگیز ئەو دەرفەتەیان ‏پێنادەم، ئێمە دەبینە حاکمی ئەو جوگرافیایە”.

ئەرشەد ساڵحی وتیشی، “بۆ ئێمە ئەنقەرە چی بێت، کەرکوکیش هەمان شتە، کەرکوک لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە ئەمانەتی ئێمە کراوە”.

هەر دوێنێ ئەرشەد ساڵحی بەشداری لە پانێڵێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆرسام لە ئەنقەرە ‏كرد و ڕەخنەی لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و پرۆسەی سیاسی گرت بەوەی ‏ڕێگەدەدات كەسانی نزیك لە پەكەكە بەشداری تیادا بكەن و ڕایگەیاند، “لە داهاتوودا ‏لایەنگرانی پەکەکە دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەمە زۆر مەترسیدارە و ‏دەبێتەهۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا”.‏

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا دوو منداڵ و ژنێک و سێ پیاو گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. لایەنگرێکی حەماس ئیسرائیلییەکی کوشت و چواری دیکەی بریندارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share