دوای سێ ساڵ لە داگیرکردنی شاری عەفرین، تێكدانی سیمبول و شوێنە كوردییەكان لەلایەن گروچە چەكدارییەكانی نزیك لە توركیا بەردەوامیی هەیە، لە دوایین دەستدرێژییاندا سیمبولێكی دیكەیان تێكدا، كە بە سەكۆی نەورۆز ناسرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی نزیک لە تورکیا بە شۆفڵ و ئامێری گوێزەرەوە، سەکۆکەیان لەناو فولکەیەکی ڕێگای سەرەکیی شارەکە شکاندووە.
سەکۆی نەورۆز، یەکێکی دیکە بوو لە سیما کوردییەکانی شاری عەفرینی داگیركراو و دەبێتە دووەم سیمبولی تێکدراو لەلایەن چەکدارەکانەوە، چونکە ساڵی 2018 پەیکەری کاوەی ئاسنگەر، بەهەمان شێوە لەناو شارەکەدا ڕوخێندرا.
سەرەڕای داگیرکردنی عەفرین، کورد لە ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانە لە تێکدانی دیمۆگرافیای شارەکە، چونکە خەڵكی عەفرین تا ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەبێت سەرانە و پارەیەکی زۆر بدەنە چەکدارەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی باو و باپیرانیان.
جگە لە تێكدانی سیمبولەكان، گروپە چەكدارە سورییەكانی نزیك لە توركیا زەویی كوردانی عەفرینیان داگیركردووە، بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان دەدزن.