لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینیی 30ی تشرینی یەكەم بڵاویكردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە دواكەوتنی موچەی ئەم مانگە ڕوونكردنەوەی داوە و قەرزكردنیشی وەك ڕێگەچارەری دەستەبەركردنی موچە دەستنیشانكردووە.
هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق جارێكی تر جەختدەكاتەوە كە داهاتەكانی ئێستای وڵات بەشی خەرجییەكان و لەوانە موچە ناكەن، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەكانی ئۆپك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بڕی هەناردەكراوی نەوت.
سەرباری ڕاگەیاندنی هەوڵەكان بۆ زیادكردنی داهاتەكانی حكومەت لە ڕێگەی زیادكردنی گومرگ باج و كرێی كارەبا-وە، وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چارەسەركردنی ئەو كورتهێنانەی بودجە، دەڵێت، “تاكە ڕێگەچارە بۆ ئەم قۆناغە، قەرزكردنی پارەیە” و داواكردنی قەرزی ماوەكورتی لە بانكە حكومییەكان بە گونجاوترین ڕێگە ئەژماركردووە، چونكە وەك خودی وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە، “نایەوێت قەبارەی قەرزی گشتی زیاتر بكات، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت.”
لە ڕاگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرایدەكات كە قەبارەی قەرزەكانی عێراق هێندە گەورە نییە بەراورد بە ئابورییەكەی، باس لەوەش دەكات كە نەك تەنها عێراق، بەڵكو وڵاتان بەشێوەیەكی گشتیی قەرزەكانیان زیادیانكردووە و دەڵێت، “قەرزی سەر وڵاتانی جیهان لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی گشتیی زۆر بەرزبووەتەوە.”