چارەسەرێکی تایبەت بە بەرگریی جەستە کە لەڕێگەی لوتەوە دەدرێت و بەکتریای مردووە بەناوی “MV130”، دەتوانێت ڕێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا کەمبکاتەوە و هاوکاریش دەبێت لە کاری ڤاکسینەکانی دژەکۆرۆنا.
توێژینەوەیەکی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، زانایانی وڵاتەكە تائێستا تاقیکردنەوەکانیان لەسەر ئاژەڵان کردووە، بەپێی ئەنجامەکان ئەو چارەسەرە دەتوانێت کاری ڤاکسینەکان چالاکتربکات، بەرگریی جەستە بەرامبەر ئەو تەنە نامۆیانەی دەچنە جەستەوە و بەرگریی لاوازدەکەن بەهێزتر بکات، هەروەها لەکاتی تووشبوونیشدا گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا کەمدەکاتەوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو مشکانەی بەر لە تووشبوونیان بە کۆرۆنا ئەو چارسەرەیان وەرگرتووە، واتا “MV130”، دوای تووشبوونیان بە کۆرۆنا گیانلەدەستدان تیایاندا کەمتربووە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامە دەمار (CNIC) و ئەنجومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی (CSIC) لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، باشترین ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتنی ڤاکسینەکانە، بەڵام بۆ کاریگەریی زیاتر و بەهێزبوونی بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسەکان، پێویستە توێژینەوە لەسەر چارەسەرە کاریگەرەکان بکرێت.
چارەسەری بەرگریی “MV130”، کە لە هەمان بەکتریای مردوو پێکهاتووە، لەلایەن کۆمپانیای (Inmunotek)ــەوە بەرهەمهێنراوە، لەلایەن ناوەندی توێژینەوە لە تەندروستیی ئاژەڵان و پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوە و تەکنەلۆژیای کشتوکاڵ و خۆراکی ئیسپانیا بەدواداچوون و توێژینەوەی لەسەرکراوە و ئەو ئەنجامانە بەدەستهاتوون.