بڕیار لەبارەی دروستكردنی دەستەیەك دەدرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی گۆڕان

هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەدان، پڕۆژەی تایبەت بە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی ‏بزوتنەوەكە تاوتوێ دەكەن، بڕیار لە پرسی پێكهێنانی دەستەیەكی كاتی دەدەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بزوتنەوەكە، هەردوو جڤاتەكە لە كۆبوونەوەدان، “لەبارەی دۆخی ڕێکخراوەیی و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای ئەوەی ژووری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاسپێردرابوو بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەک بۆ قۆناغی دوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و دووبارە خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی داهاتو، زنجیرەیەک کۆبوونەوە کراوە و سەرجەم ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەماوەی ڕابردوودا لەسەر پرۆژەکە کۆکراونەتەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا دەخرێنەڕوو و گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکرێت و پڕۆژەکە دەوڵەمەند دەکرێت و دادەڕێژرێتەوە”.

بڕیارە ھەردوو جڤات، ھەموو بژاردەکان بۆ قۆناغی بەخۆداچوونەوە تاوتوێ بکەن، “پرسی پێکھێنانی ‏دەستەی کاتی و ئەرکەکانیان لە بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی و ھەڵسەنگاندنی ئەدا و ‏کاری ئۆرگانەکان و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی داھاتوو بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت”.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی گۆڕان، هەر لە كۆبوونەوەكەدا پرسی كۆچبەران تاوتوێكراوە، پشتیوانی لە کەیسی کۆچبەرانی کورد لەسنوورەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا كراوە، داواشكراوە “نیگەرانییەکانی خەڵک و گەنجان لەبەرچاوبگیرێن و بەپەلە دەست بە زنجیرەیەک چاکسازی بکرێت، کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی خەڵک و گەڕانەوەی متمانە بێت بۆ سیستمی سیاسی و کاروباری حکومەت”.

بابەتی پێشتر

لە 11 مانگدا 28 هه‌زار هاوڵاتیی هه‌رێم كۆچیانكردووه‌

بابەتی دواتر

چەند كەسێك هەوڵیانداوە خانوبەرەی جووەكان بفرۆشن و دادگای بابل سزایاندەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share