نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی كۆتاییهێنان بە برسێتی لە جیهاندا وەڵامی مەسك دەداتەوە

ئیلۆن مەسك

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئیلۆن مەسك-ی ملیاردێری دایەوە دەربارەی ئالنگاریی تایبەت بە بەخشینی 6 ملیار دۆلار لەبەرامبەر كۆتاییهێنان بە گرفتی برسێتی لە جیهاندا.

وەڵامەكە لەلایەن دیڤید بیسلی، سەرۆكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی-یەوە بوو لە تویتێكدا كە ڕایگەیاند، “گرفتی برسێتی ئێستا زۆر و بێ پێشینەیە و دەكرێت چارەسەربكرێت، ئەی ئیلۆن مەسك داوای پلانێكی ڕوون و سەرچاوەی كراوت كردبوو، ها ئەوەتا!”.

بیسلی لەگەڵ تویتەكەیدا لینكێكی داناوە كە بەوردی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ چارەسەری كێشە جیهانییەكە ڕووندەكاتەوە.

بیسلی ڕوو لە مەسك دەڵێت، “ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵت -لەگەڵ هەر كەسێكی دیكەش- كە شێلگیر بێت لە ڕزگاركردنی گیانی ئەوانی دیكە”.

لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردوو ملیاردێرە ئەمریكییەكەی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای تێسلا ڕایگەیاند، ئەگەر 6 ملیار دۆلار كێشەی برسێتی لە جیهاندا چارەسەر دەكات، ئەوا ئامادەیە پشكەكانی كۆمپانیاكەی بفرۆشێت بەڵام مەرجی هەیە.

مەسك لە تویتەر بڵاویكردووەتەوە، ئەگەر بەرنامەی خۆراكی جیهانی دەتوانێت بە 6 ملیار دۆلار كێشەی برسێتی لە جیهاندا چارەسەربكات، دەستبەجێ پشكەكانم لە كۆمپانیای تێسلا دەفرۆشم و پارەكەی دەبەخشم.

ئەو ملیاردێرە مەرجی بۆ ئەو كارە هەبوو و نوسیبووی، بەڵام پێویستە بسەلمێنرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان ڕووپێوییەكی ئاشكرا پێشكەش بكات و لە كۆمێنتەكانی ئەم تویتەم بڵاویبكاتەوە، تاوەكو خەڵك بیبینێت كە چۆن پارەكە خەرج دەكرێت.

ئەوەشی لە وەڵامی لێدوانێكی میدیایی پێشتری دیڤید بیسلی-دا بوو لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆڕی (سی ئێن ئین)ی ئەمریكا كە تیایدا داوای لە ملیاردێرەكانی وەك مەسك و جیف بیزۆس كرد تەنها شەش ملیار دۆلار، كە پارەیەكی كەمە بەراورد بە سامانە قەبەكەیان، تەرخانبكەن بۆ ڕزگاركردنی ملیۆنان كەس كە لەبەردەم مەترسی برسێتی و قاتوقڕیدان.

لە ئەیلولی ڕابردووەوە جارێكی تر ئیلۆن مەسك ڕیزبەندیی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی مسۆگەركردووە و سامانەكەی گەیشتە 203.4 ملیار دۆلار.

مانگی ڕابردووش پوختەی سامانەكەی مەسك بۆ 223 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش بەپێی پێنوێنەكانی بلومبێرگ بۆ ملیاردێرەكان.

بابەتی پێشتر

سه‌در داواى كاراكردنى یاسایه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵكاران ده‌كات

بابەتی دواتر

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق 250 ملیار دینارى دیكه‌ بۆ پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران خه‌رج ده‌كات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرپرسێكی وهان دادگایی دەكرێت

چین بڕیاریدا بە دادگاییكردنی جێگری سەرۆكی شارەوانیی وهان، ئەو شارەی كە پەتای كۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە بە جیهاندا. بەگوێرەی…
Total
0
Share