جێگرەكەی بەغدادی نهێنییەكە ئاشكرادەكات: بەمجۆرە ملیاران دۆلارمان كۆكردەوە

سامی جاسم محەمەد جعاتە عجوز جبوری

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێك بەسەر دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق، لە ئاكامی شوێنپێهەڵگرتنی بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ، جێگرەكەی ئەبوبەكر بەغدادی وردەكاریی سەروەت و سامان و چۆنێتی كۆكردنەوەیان لەلایەن داعشەوە ئاشكرادەكات.

حاجی حامد كە ناسناوی “سامی جاسم محەمەد جەعاتە عەجوز جبوری”یە و جێگری سەركردەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بوو، باسی لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی سەروەت و سامانی ڕێكخراوەكە و چۆنێتی ڕادەستكردنی بەوەی ناودەبرا بە “بەیتولمال” دەكات.

سەرانە و دزەپێكردنی نەوت
ئاشكراشیدەكات كە چۆن داعش سەرانەی لە بازرگان و دەوڵەمەندان لە نەینەوا وەرگرتووە و گەیشتووەتە 500 هەزار دۆلاری مانگانە، هەر كەسێكیش پارەی نەدایە ڕووبەڕووی كوشتن دەبووەوە.

سەركردەكەی داعش بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی (قەزا)ی عێراقی بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، داهاتی ڕێكخراوەكە لە ماوەی دوو ساڵی كاركردنی لە دیوانی ڕوكاز (دزەپێكردنی نەوت) زیاتر بووە لە ملیار و چارەكە ملیارێك دۆلاری ساڵانە، كە ڕادەستی دیوانی بەیتولمال كراوە.

بەپێی دانپیادانانەكانی، بودجەی ڕێكخراوەكە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەی لە ساڵی 2016 “250 ملیۆن دۆلار و سێ تۆن زێر” بووە، كە ئەمبار و دابەشكراوە بەسەر خانوو و تونێل لەژێر سەرپەرشتیی ژمارەیەك كارمەندانی بەیتولمال، زۆرینەی بەهۆی هەناردەی نەوتەوە بووە و بەشەكەی دیكەی ئەو غەنیمانە بوون كە لە دزینی دەرەوەی سنوورەكانی ڕێكخراوەكە، سەرانە، ڕفاندنی بازرگانان و ئاڵوگۆڕكردنیان بەرامبەر بڕێك پارە دەستكەوتوون.

ئاشكراشیكردووە كە نەوتی عیراق فرۆشراوە بە كەسانی خاوەن كارگە و وێستگەكانی پاڵاوتنی بچووك، لەكاتێكدا بەشێكی بۆ دەرەوە دزەیپێكراوە، بەشێكی دیكەی لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشراوە لەڕێی بەندەرێكەوە لەو زەوییانەی لە سوریا لەژێر دەستیدا بووە بە (180 دۆلار) بۆ هەر تۆنێك.

ناوی ئەفسەران
بەهەمانشێوە حاجی حامد، كە لە هاوینی 2014 یەكێك لە كەسە نزیكەكانی بەغدادی بووە، دانیناوە بەوەی كاتێك ڕێكخراوەكەیان هێرشەكانی بۆسەر پارێزگاكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق دەستپێكردووە، سەركردەی ڕێكخراوەكە فەرمانیكردووە بە فەرماندەی میحوەرەكان لە هێرشەكانیاندا دەستبگرن بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و خانووی دەوڵەمەندەكان و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنیی سوپا و شمەكی كۆمپانیاكاندا.

دووپاتیشیكردەوە، داعش هەزاران دەستگیركراوی ناو بەندینخانەی ئەو پارێزگایانەی كۆنتڕۆڵیكردوون ئازادكردووە، لەبەرامبەر بەدەستهێنانی ناوی ئەفسەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان، بۆ شوێنكەوتن و لەناوبردنیان.

جبوری، كە بەڕەگەز عێراقییە، چەندین ئەركی لەناو داعشدا بەڕێوەبردووە لەنێویاندا “دیوانی دارایی” و “بەرپرسی پێكهاتە نەوتییەكان” و “دابەشكردنی پاداشت” و “كاروباری تەقینەوەكان”.

سامی جاسم كێیە؟
1- ناو: سامی جاسم محەمەد جعاتە عجوز جبوری.
2- ساڵی لەدایكبوون: 1974.
3- نازناو: ئەبو ئاسیا، حاجی حامد، ئەبو عەبدولقادر زوبەیدی.
4- منداڵەكانی: عومەر، سومیە، ئاسیا و ئەبوبەكر.
5- هاوسەر: شوكرە موتڵەگ ساڵح، سەرەڕای بە سەبایا كردنی سێ كچە ئێزدی لە شاری موسڵ.

6- ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی:
أ. ساڵی 2004 بەیعەتی بە ڕێكخراوی تەوحید و جیهاد داوە لەسەر دەستی ئەبو مەسعەب زەرقاوی.
ب. لە 2005/2/15 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركراوە و لە بەندینخانەی بوكا ماوەتەوە تا ساڵی 2010 و ئەوكات ئازادكراوە.
ج. پاش ئازادكردنی ڕاستەوخۆ ئەركی بەرپرسی ئەمنیی لە كەرتی هجێل و زاب و مەخمور پێدراوە.
د. پاش ڕووداوەكانی 2014/6/10 بووەتە بەرپرسی ئەمنیی ویلایەتی دیجلە و پاش ماوەیەكیش بووەتە جێگری والیی دیجلە.
هـ. چووەتە شام و لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی-یەوە وەك ئەمیری دیوانی ڕوكاز دەستنیشانكراوە.
و. بە بڕیاری ئەبوبەكر بەغداد بووەتە جێگری و پۆستی ئەمیری دیوانی بەیتول مالی تایبەت بە ئەمارەتی ڕێكخراوی داعشی پێدراوە.
ز. پاش كوژرانی بەغدادی پۆستی سەرپەرشتیاری گشتی ویلایەتی شام و بەڕێوەبردنی دۆسیەی دارایی و ئابوریی داعشی پێدراوە و لەگەڵ (ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی) جێگرەوەی بەغدادی كاریكردووە.

بابەتی پێشتر

هۆرنێتس زنجیرەی بردنەوەکانی واریەرزی ڕاگرت و چیکاگۆ چووە لوتکە

بابەتی دواتر

وزەی نێودەوڵەتی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی پشتیوانییەكانەوەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەقینەوەیەك لە بەغداد ڕوویدا

تەقینەوەیەك لە ناحیەی قادسیە لە بەغداد ڕوویدا كە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی باڵیۆزخانەی ئوسترالیای لە بەغداد كردووەتە ئامانج. میدیاكانی عێراق…
Total
0
Share