وەزارەتی تەندروستی: ئەو نەخۆشخانەیەی تەرمەكەی ڕادەستنەدەكردەوە بە داخستن و پێبژاردن سزادراوە

ڕێنمایی پێویست دەرچووە بۆ سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەكان تا حاڵەتی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە

ئەو نەخۆشخانەیەی بەهۆی نەدانی پارەوە تەرمی كۆچكردوویەكی تووشبوو بە كۆرۆنای ڕادەستی كەسوكارەكەی نەدەكردەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێرەوە بە داخستنی كاتی و پێبژاردن سزادراوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لەسەر نەخۆشخانەكە پێكهێنرا، چەند بڕیارێك درا.

وتیشی، بریارەكان بریتیبوون لە داخستنی نەخۆشخانەكە بۆماوەیەكی دیاریكراو، پێبژاردن بە بڕی سێ ملیۆن دینار، داوای بەخشین لە كەسوكاری نەخۆشی كۆچكردوو بەهۆی ئەو پێشێلكارییەی بەرامبەری كراوە و وەرگرتنی بەڵێننامە بۆ دووبارەنەكردنەوەی حاڵەتی لەو جۆرە.

ئاسۆ حەوێزی ڕووداوەكەی بە حاڵەت و دیاردەیەكی “خراپ” ناوبرد كە وەزارەتی تەندروستی پێی قبوڵ نییە و وتی، “ڕاستە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بۆ كەرتی تایبەت دەگەڕێنەوە، بەڵام لەژێر ڕێسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیدان”.

بەپێی وتەی وتەبێژەكەی تەندروستی جگە لەو بڕیارانە ڕێنمایی پێویست دەرچووە بۆ سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەكان تا حاڵەتی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە کەسوکاری نەخۆشێک لە هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، “نەخۆشەکەمان ماوەی 32 ڕۆژە لە نەخۆشخانەی ڤالیا-ی تایبەت چارەسەر وەردەگرێت بۆ ئەو ماوەیە بڕی 35 ملیۆن دیناریان لێوەرگرتووین”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئێستا نەخۆشەکەمان گیانیلەدەستداوە، بەڵام نەخۆشخانەکە داوای 10 ملیۆن دینارمان لێدەکەن بۆئەوەی تەرمەکەمان بدەنەوە”.

دوابەدوای ئەو ڕووداوەش وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت.

بابەتی پێشتر

"کوژرانی دوو بەندکراوی خەڵکی نەغەدە لەژێر ئەشکەنجەدا" بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندرا

بابەتی دواتر

موساد هەوڵێكی تۆڵەكردنەوەی كوشتنی قاسم سولەیمانی پوچەڵدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share