بەبیانووی نەبوونی بینا و فشارەکانی ئیدارەی ئێستای پارێزگای کەرکوک، لقی كەركوكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە شارەکە داخرا و كەلوپەل و بەڵگەنامەكانیشیان گواستەوە بۆ شاری هەولێر.
ئێستا 750 ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێپشت و پەنا ماونەتەوە، هەوار فارس یەكێكە لە ڕۆژنامەنووسانی كەركوك، ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و وتی، “لەمەودوا ڕۆژنامەنووسە کوردەکانی کەرکوک تەنها لەڕێی تەلەفۆنەوە هەماهەنگی و پەیوەندییان لەگەڵ سەندیکا بەردەوام دەبێت، لێرە بەدواوە ئەگەر ڕۆژنامەنووسێكی ئەندامی سەندیكا لە كەركوك ڕووبەڕووی پێشێلكاری ببێتەوە، پێویستە لەڕێگەی تەلەفۆن یاخود تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە شێوازی پێشێلكارییەكە ڕوونبكاتەوە تا تۆماربكرێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت سكاڵا لەدژی پێشێلكارییەكە تۆماربكات، ئەوا پێویستە لە كەركوكەوە بچێتە شاری هەولێر”.
مەهدی زریان سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، ئەو نایشارێتەوە کە فشارەکانی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک لەلایەک و خراپیی باری دارایی سەندیکا لەلایەکی ترەوە، هۆکاربوون بۆ لەکارخستنی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان.
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا 12%ی پێشێلكارییە تۆماركراوەكان دژی ڕۆژنامەنووسانی باشووری كوردستان لە كەركوك بوون.