ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم گەشتی ئاسمانی بە ئازادی ئەژماردەکات

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆچی هاوڵاتییانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “هەرێم ئازادیی زۆری تێدایە و ئەگەر ئازادی نەبێت خەڵک نەیاندەتوانی بە فڕۆکە بچن بۆ بیلاڕوسیا”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە، “بەشێک لەو هاوڵاتییانەی کۆچیان کردووە لەلایەن پەکەکە و کۆمەڵێک قاچاغچی و هەندێك کۆمپانیای گەشتوگوزار و هەندێک بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون، کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنەڕوو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو وڵاتانە بەهێزتر بکەن”.

ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت، “هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و ئازادیی تاکەکان بۆیەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی و وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکانی تری عێراق سوودیان لەو کەشە ئارامەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە پەنایان بۆهێناوە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە، “ئەو هاووڵاتییانەی ئێستا لە بیلاڕوسیا گیریانخواردووە پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە و بە ڕێگایەکی یاسایی و گەشتی ئاسایی سەفەریان کردووە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە، ئەوجا پەڕینەوە بۆ وڵاتی دیکە. هەروەها هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادیی کەسی ناچارنەبووە گەشت بکات”.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە “ئێمە پشتگیری لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەر مرۆڤێک دەکەین بۆ گەشتکردن، بەڵام هەموو ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بە دروست نازانین و داواش دەکەین لە ڕووی مرۆییەوە ڕەچاوی بارودۆخی ئەو خەڵکە بکرێت کە لەسەر سنوورەکان گیریان خواردووە و هاووڵاتییانی ئێمەش نەبن بە قوربانیی کێشە نێودەوڵەتییەکان و کەسیش بازرگانی بەو بابەتەوە نەکات”.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا و ئێران پیرۆزبایی لە سلێمانی دەکەن

بابەتی دواتر

سەعدی پیرە بۆ ئێستا: یەكێتی لەمەودوا یەك سەرۆكی دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share