سەنتەری میترۆ لەسەر داخستنی ” گاڤ نیوز” لە دهۆك هاتە دەنگ

سەنتەری میترۆ لەسەر داخستنی ” گاڤ نیوز” لە دهۆك، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دژی داخستنی میدیاكەیە و نیگەرانە لەوەی سەرەڕای داخستنی، بە بەرپرسانی میدیاكە وتراوە هیچ لێدوانێك بۆ میدیاكان نەدەن.

دوێنێ لە دهۆك، هێزێكی مەدەنی بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر بارەگای ” گاڤ نیوز” و میدیاكەیان داخستووە و كارمەندەكانیان ناردووەتە ماڵەوە، سەنتەری میترۆ بە ناونیشانی “ئازادی بۆ گاڤ نیوز و كاری ڕۆژنامەنووسەكانی” ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە، ئاشكرایكردووە، “هێزێك چوونەتە سەر ئۆفیسی گاڤ نیوز، لە شاری دهۆك و داوایان لێكردوون كلیلی ئۆفیسەكەیان ڕادەستبكەن و بچنە ماڵەوە، هەروەها پێیان ڕاگەیاندوون نابێت لێدوان بەهیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن بدەن.”

بارەگای گاڤ نیوز، لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەكە لە شەقامی بارزان لە دهۆك، كە چەند دەزگایەكی دیكەشی تێدایە، 20 كارمەند بە چەند شەفتێك كاریان تێدا دەكرد .

بەپێی زانیارییەكانی سەنتەری میترۆ، “ئەم كەسانەی چوون بۆ داخستنی گاڤ نیوز، هێزێكی مەدەنیی چوار كەسی بوون، وەك ئاسایشی دهۆك خۆیان ناساندووە و هیچ بریارێكی دادگایان پێنەبووە، سەرباری داخستنی دەزگاكەیش بەڵێننامەیان بەرێكخەری كاروباری دەزگاكە (فەهمی باڵایی) پڕكردۆتەوە، هیچ ناوەرۆكێكی میدیایی بەناوی (گاڤ نیوز) بڵاونەكەنەوە”.

سەنتەری میترۆ پێشی وایە ، “بەهۆی زاڵبوونی دیاردەی دەربازبوون لەسزا لە ڕووداوەكانی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادیی كاری ڕۆژنامەنووسی، داخستنی گاف نیوز بە بێ بڕیاری دادگا و ناردنەوەی كارمەندنی بۆ ماڵەوە، تووشی شۆكی نەكردین، چونكە ئەم كردەوانە بوون بە ڕووداوی ئاسایی”.

سەنتەری میترۆ داواشدەكات بڕیاری نایاسایی داخستنی گاف نیوز هەڵبوەشێتەوە و ئازادی بۆ كاری میدیاكارانی بڕەخسێت، دەشڵێت، “داخستنی گاف نیوز، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت كە ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان پڕ ئاستەنگە و پێشێلكاری بەرامبەریان هێشتا نەبۆتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك ئەنجامی دەدات لە هەر پلە و پایەیەكی دەسەڵاتدا بێت”.

میترۆ لەكۆتاییدا دەڵێت، “كەشێكی دوژمنكارانە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس لە ئارادایە، تەنانەت لەناو دەزگا میدیاكانیشیاندا بە حزبی و ناحزبیەوە، زۆربەیان بێ مافن، پێنەدانی مووچەی چەند مانگەیان بووە بە دیاردە لە باشترین حاڵەتیشدا مووچەكانیان دوادەكەوێت”.

بابەتی پێشتر

دانەغاز وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرزەكانی سەر هەرێم ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

چاڤی داهاتووی کۆتینیۆ یەکلاییکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share