بەشیر حەداد: حکومەتی داهاتووی عێراق تەوافوقی و لاواز دەبێت

بەشیر حەداد لەبارەی پێكهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بەربەرستەكانی بەردەمی قسەیكرد، جەختیکردەوە، ناتوانرێت حکومەتی زۆرینە پێکبهێنرێت، دەبێت حکومەتێکی تەوافوقی بێت، دووپاتیشیكردەوە، بەپێی یاسا پێویستە بەغداد دوای سەریساڵ بەردەوام بێت لە ناردنی 200 ملیار دینارەكە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەشیر حەداد جێگری دووەمی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی عێراق ڕایگەیاند، “عێراق کاریگەریی فاکتەری دەرەکی و ناوخۆیی لەسەرە، بۆیە دەبێت بەپێی ئەو کاریگەرییانە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت”.

لەبارەی گفتوگۆكان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، حەداد پێیوایە، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق هەر تەوافوقی دەبێت، “عێراق ناچارە حکومەتی تەوافوقی پێکبهێنێت بەهۆی ئەو دۆخەی وڵاتەکەی تێدایە، حکومەتی تەوافوقیش حکومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە هیچ لایەنێکی بەهێز خۆی ناکات بەخاوەنی و هاوشێوەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی و عادل عەبدولمەهدی دەبێت”.

لەبارەی سەردانەکانی بەشێك لە لایەنە کوردییەکان بۆ بەغداد ئاماژەی بەوەکرد، ئەو سەردانانە تەنها بۆ لێکتێگەیشتنە، بۆ پێکهێنانی حکومەت و پێكهێنانی هاوپەیمانی نییە، “لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کورد ئەمجارە یەکڕیز نەبێت، نەک هیچ بەدەستناهێنین، بەڵکو ئەوەشی بەدەستمانهێناوە لەدەستیدەدەین”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ناردنی 200 ملیار دینارەکە لەبەغدادەوە بۆ هەرێم تاکەی بەردەوام دەبێت، بەشیر حەداد ڕایگەیاند، “بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا چەسپێنراوە، دەبێت پشکی هەرێم بە بەردەوامی بنێردرێت، ئێستا بەهۆی تەواونەبوونی وردبینییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پشکی هەرێم بەتەواوی نانێردرێت، بەڵام بەپێی یاسا 200 ملیارەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەر هیچ بڕیارێکی سیاسی ناردنی پارەكە ڕانەگرێت، چونکە ئەگەری هەیە عێراق پابەند نەبێت بەیاساکەوە و بڕیارێکی سیاسی دەچێتە سەرەوەی یاساکە، ئەوکاتە ناردنی ڕادەگیرێت”.

بابەتی پێشتر

گەرمیان.. ئەو تووشبووەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەنەخۆشخانە منداڵی بوو گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

فڕۆكەكانی توركیا دوو گوندی سنووری ئامێدییان بۆردومانكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share