زۆری و گەورەیی جانتای یاریزانانی ئێران لە لوبنان گومانی دروستکردووە

وەزیری ناوخۆی لوبنان، گومان دەخاتەسەر زۆری و گەورەیی جانتای یاریزانانی ئێران لەکاتی گەیشتیان بە لوبنان، لەچێوەی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ بەشداری لە جامی جیهانیی ساڵی داهاتوودا.

بەسام ئەلمەولەوی، وەزیری ناوخۆی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی یاریزانانی ئێران، لەکاتی گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی (ڕەفیق حەریری) تێبینیی گەورەیی و زۆریی جانتاکان کراوە و فەرماندراوە جانتاکان بپشکنن”.

گومانی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان لەسەر جانتاکان ئەوە بووە، کە “دەکرێت یارمەتی یان پارە لەڕێگای یاریزانانەوە بگاتە دەستی حزبوڵڵای لوبنان”.

بەرپرسێکی هەڵبژاردەی ئێران، سەبارەت بە گومانەکانی حکومەتی لوبنان ڕایگەیاندووە، “ئەوە جۆرێکە لە بێزارکردنی تیمەکە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری گەورەیی و زۆریی جانتاکان ئەوەیە، کە یاریزانان ناگەڕێنەوە ئێران و لەوێوە دەچنە یارییەکی دیکەوە لە ئوردن”.

دوێنێ لەچێوەی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ی قەتەر، لوبنان و ئێران لە یاریگای “سەیدا” ڕووبەڕووی یەکبوونەوە و ئێران بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە لوبنانی بردەوە.

بابەتی پێشتر

ململانێی گەرمی نێوان بەرەی ڕوسیا و ئەوروپا كۆچبەران ڕەقدەكاتەوە

بابەتی دواتر

تورکیا بە تۆمەتی "ساختەکاری" هاوژینەکەی دەمیرتاش بۆ دوو ساڵ و نیو زیندانی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share