کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، لیژنەیەک ڕەوانەی سنوورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دەکات لەپێناو هاوكاریكردنی پەنابەران و دەڵێت، توركیا ڕێگە بۆ كۆچی كوردان دەكاتەوە بۆ ئەوەی كوردستان لە كورد چۆڵبكات و سیاسەت و ئامانجەكانی بەدیبهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە كە لەبارەی دۆخى کۆچبەران لە سنوورەکانى بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بڵاویکردەوە، هاتووە، “جارێکی تر جیهان بە تایبەتی ئەوروپا ڕووبەڕووی پرسی پەنابەران دەبێتەوە و لەو چێوەیەشدا بە هەزاران پەنابەر، کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستان، عێراق و سوریان و لەسەر سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریانخواردووە و بێچارە لەناو دارستانەکان بێهیوا ماونەتەوە، ئەم دۆخە ناهەموارەیان مەترسییەکی گەورە بۆ ئەو پەنابەرانە دروستدەکات”.
كەنەكە توركیا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا تۆمەتباردەكات بەوەی پەنابەران بۆ ئامانجی خۆیان بەكاردەهێنن و دەڵێت، “سەرکردەکانى یەکێتیی ئەوروپا لە ئاستی باڵادا، دەسەڵاتدارانی تورکیا، بیلاڕوسیا و ڕوسیا تاوانبار دەکەن بەوەی کە ئەردۆغان، ئلێکساندەر لۆکاشانکا و ڤیلادێمێر پوتین پەنابەران بۆ ئامانجەکانی خۆیان وەک فشارێکی سیاسی لەدژی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنن”.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەی كەنەكەدا هاتووە، ئامانجی ئەو دەوڵەتانە لە بەرامبەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەهەر هۆکار و نیازێک بێت، لە پرسی پەنابەران و ئەو هەڵسوکەوتەی کە سەرکردەکانى بیلاڕوسیا و پۆڵەندا لەدژی پەنابەران دەیکەن، بۆ مرۆڤایەتی و بۆ ژیانی پەنابەران تراژیدیایەکی خەمناکی مەزنە و لەدژی مافەکانی مرۆڤە”.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە پێیوایە ئامانجى دەوڵەتى تورکیا ئەوەیە “ڕێ لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە بۆ ئەوەی هەرێم لە کوردان چۆڵبکات و بە ئاسانیی دیمۆگرافیاى کوردستان بگۆڕێت و هەموو گروپ و پێکهاتە جیاکانی ناوچەکە بە ئاسانی ملکەچی سیاسەتەکەی بن و بچنە ژێر کۆنتڕۆڵی، ئەوەش مەترسیدارە”.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەڕێگەی کۆنسەی بەڕێوەبەرییەوە داوا لە بەرپرسانى باشوورى کوردستان دەکات هەرچی زووە ئەو پرسە بەجددی و بە بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە وەربگرن و کاری بۆبکەن و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەیدا کەنەکە ئاشكرایكردووە كە بۆ هاوکاری و چارەسەری پرسی پەنابەران، پێش ئەوەی ئەو تراژیدیایە گەورەتر و مەترسیدارتر ببێت، لیژنەیەک دەنێرێت سەردانی سنوورەکانی بیلاڕوسیا، پۆڵەندا و شوێنی پەنابەران بكات.