جیهان لە ساڵی داهاتوودا ڕووبەڕووی كەمی سرنج دەبێتەوە

كەمبوونەكە دەگاتە دوو ملیار لە ساڵی 2022دا

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕوودانی كەمی لە دەرزیی پزیشكی (سرنج) بە بڕی دوو ملیار لە ساڵی 2022دا، ئەمەش هەڕەشە لەسەر هەوڵەكانی پێدانی ڤاكسین لەسەر ئاستی جیهان دەكەن ئەگەر بەرهەمهێنان زیادنەكرێت.

كەمبوونەكە لە ئاكامی هەڵمەتەكانی كوتانی دژ بە كۆڤید-19 سەرهەڵدەدات، ئەگەر بەكارهێنانی ڤاكسین لەسەر ئاستی جیهان بە ملیارەها زیاتر بێت لە ژمارەی ئاسایی.

لیزا هیدمان، بەرپرس لە ڕێكخراوەكە دەڵێت، لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانییەكانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، پێویستە ژمارەی سرنج زیادبكرێت.

ئاماژەشیدا، نیگەرانی هەیە لەبارەی ئەگەری ڕوودانی كەموكوڕی لە دەرزییەكانی تایبەت بە ڤاكسین، كە لای خۆیەوە دەبێتە هۆی كێشەی گەورە.

تائیستا زیاتر لە 7.25 ملیار ژەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان دراوە، بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی فرانس پرێس ئامادەیكردووە.

ژمارەكە یەكسانە بە دوو هێندەی پرۆسەكانی كوتانی ڕۆتینی كە ساڵانە دەدرێت و دوو هێندە بەكارهێنانی سرنج.

هیدمان ئاماژە بەوەدەكات كە یەكێك لە ئەنجامە مەترسیدارەكانی كەمی سرنج دواكەوتنی پرۆسەی كوتانی ڕۆتینییە، كە ئەمەش بۆ ساڵانی داهاتوو كاریگەری لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت، ئەگەر نەوەیەك لە گەنجان ڤاكسینە ئاساییەكانی منداڵی لەدەستبدەن.

بەرپرسەكەی تەندروستیی جیهانی هانی وڵاتانیدا بۆ پلاندانانی پێشوەختە لەبارەی پێویستییەكانیان بە دەرزیی پزیشكی بۆ دەربازبوون لە حاڵەتەكانی قۆرغكاری و نەمانی.

بابەتی پێشتر

یەكەمین كۆمپیوتەری ئەپڵ بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار خرایە زیادكردنەوە

بابەتی دواتر

خۆپیشاندەران لە هەوڵەكان بۆ چوونە ناوچەی سەوز بەردەوامن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share