بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 11ی ئەم مانگە، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکەوە، ئاسمانی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری باران و بەفربارین هەیە.
کەشناسیی هەرێم دەڵێت، ” ئێوارەى ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى 11-11-2021 ئاسمانى ناوچە شاخاوییە سنووریەکان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەگەڵ بارانبارین لە تەواوى ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى پارێزگاکان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەولێر لەگەڵ بارانباریندا ئەگەرى بەفربارین هەیە لەو ناوچە شاخاوییانەى لەسەرووى بەرزیى 2200م لە ئاستى ڕووى دەریاوەن”.
کەشناسی ئاشکرایکردووە، ئەگەرى نمەباران لە ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و سنوورى پارێزگاى هەولێر هەیە لە کاتەکانى بەرەبەیانى ڕۆژى هەینیدا، دواى نیوەڕۆى ڕۆژى هەینى کاریگەریى ئەو ناسەقامگیرییە لە سەر بەشێکی ناوچەکەمان بە تەواوى کۆتایى دێت ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت و ناوچە شاخاوییەکان هەر بە نیمچە هەورى دەمێننەوە”.