برسێتی لە جیهان گەیشتووەتە ڕادەی خواردنی دڕك و فرۆشتنی منداڵ

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، 45 ملیۆن كەس لە 43 وڵاتدا كەوتوونەتە كەناری برسێتییەوە. پرۆگرامی خۆراكی جیهانی كە سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی برسێتی لە جیهاندا بڵاوكردەوە و زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو و دەڵێت، بەشێك لە خەڵك برسێتیی زۆری بۆهێناون و ناچارن كولـلە و دڕك و گەڵای دار بخۆن و كچەكانیان بفرۆشن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، 45 ملیۆن كەس لە 43 وڵاتدا لە لێواری برسێتیدا دەژین، لەكاتێكدا سەرەتای ئەمساڵ ژمارەكە 42 ملیۆن كەس بووە و تەنها لە ماوەی چەند مانگێكدا سێ ملیۆن كەسی تر ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە كە لە ئەفغانستان.

دەیڤد بیسلی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆگرامی خۆراكی جیهانی دەڵێت، “دەیان ملیۆن كەس لە كەناری لەناوچووندان، ململانێكان و گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و گۆڤید- 19 ژمارەی ئەو كەسانەیان زیادكردووە كە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن”.

دوای سەردانێك بۆ ئەفغانستان و هەوڵدان بۆ گەیاندنی هاوكاری بە 23 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، تیمی پرۆگرامەكە باس لە هۆكارەكانی زیادبوونی ژمارەی كەسانی برسی لە دەیان وڵاتدا دەكات و ئاشكرایدەكات، نرخی سووتەمەنی و خۆراك بەرزبووەتەوە، نرخی پەیین زیادیكردووە و هەموو ئەوانەش هۆكارن بۆ قەیرانی نوێی برسێتی وەك ئەوەی ئێستا لە ئەفغانستان سەریهەڵداوە، هەروەها ئەوەی لە یەمەن و سوریا دەگوزەرێت و بووەتە قەیرانی درێژخایەن.

بەپێی پرۆگرامەكە، ڕزگاربوون لە برسێتی لە سەرانسەری جیهاندا پێویستی بە حەوت ملیار دۆلارە، لەكاتێكدا هەر ئەمساڵ و بەر لە چەند مانگێك 6.6 ملیاری پێویستبوو.

پرۆگرامی خۆراكی جیهانی كە سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە زانیاریی مەترسیدار ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، “ئەو خێزانانەی لە برسێتییەكی زۆردا دەژین، ناچارن بژاردەی وێرانكەر هەڵببژێرن، وەك بەشوودانی كچ لە تەمەنێكی منداڵدا یان دەركردنیان لە قوتابخانە، یاخود كولـلە و گەڵای دار یان ئەلۆڤێرا دەرخواردی منداڵەكانیان و خۆیان دەدەن”.

پرۆگرامەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، “ڕاپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن كە چەندین خێزان لە برساندا كچەكانیان فرۆشتووە تەنها بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە”.

لەبارەی سوریاوە پرۆگرامەكە ئاشكرایكردووە، “12.4 ملیۆن سوری نازانن ژەمی دواتریان چۆن و لەكوێوە دێت و ژمارەكە بەردەوام لە زیادبووندایە، هاوكاتی ئەوانە لە مەدەگەسكەر چەندین ناوچەی برسێتی سەریانهەڵداوە و دانیشتووان ناچارن كولـلە و گەڵای دار و ئەلۆڤێرا بخۆن بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن”.

پرۆگرامی خۆراكی جیهانی ئاشكرایدەكات كە لە ئیسیوپیا، هایتی، سۆمال، ئەنگۆلا، كینیا و بوروندی برسێتیی لەڕادەبەدەر زیادیكردووە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی كۆچبەرانەوە پۆڵەندا باری نائاسایی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

ڕۆیتەرز: گروپەكانی نزیك ئێران لەپشت هێرشەكەی سەر كازمین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو بەرزبووەتەوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت…
Total
0
Share