یونامی: توندوتیژی و کاری نایاسایی نابێ ڕێگەیان پێبدرێت پرۆسەی دیموکراسی بە لاڕێدا ببەن

ئاڵای نەتەوە یەكگرتووەكان

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی هەوڵی كوشتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و سەرەڕای دوپاتكردنەوەی داوای دانبەخۆداگرتن دەڵێت، تیرۆر و توندوتیژی و کاری نایاسایی نابێ ڕێگەیان پێبدرێت کاریگەری لەسەر سەقامگیری عیراق دروستبکەن و پرۆسەی دیموکراسی بە لاڕێدا ببەن.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) لە ڕاگەیەندراوێكدا بە توندترین شێوە ئیدانەی هەوڵی کوشتنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران دەکات و دڵخۆشی دەردەبرێت بەوەی سەرۆك وەزیران سەلامەت دەرچوو لە هێرشە درۆنەکەی سەر شوێنی حەوانەوەی لە بەغداد.

دەشڵێت، “تیرۆر و توندوتیژی و کاری نایاسایی نابێ ڕێگەیان پێبدرێت کاریگەری لەسەر سەقامگیری عیراق دروستبکەن و پرۆسەی دیموکراسی بە لاڕێدا ببەن”.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای خۆی دەخاتە پاڵ داواکەی سەرۆك وەزیران بۆ پاراستنی هێمنی و دانبەخۆداگرتندا. هەروەها، هانی هەموو لایەنەکان دەدات کە بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆ بەمەبەستی کردنەوەی گرێیە سیاسییەکان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی لە عێراقدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەموو عیراقییەکانە ئەوانەی داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکەن. ئەوان شایەنی زیاترن، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێك بۆسەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدرا.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵەكە كە ڕووبەڕووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووەتەوە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە بووە، كە ویستراوە شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوزی بەغداد بكرێتە ئامانج، بەبێ ئەوەی كازمی زیانی پێبگات.

بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان هێرشەكە لەڕێی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە بووە.

بەشێك لە میدیا عێراقییەكان دەڵێن، لە هێرشەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی تیمی پارێزگاری تایبەتی كازمی برینداربوون.

لە یەكەم لێدوانیدا پاش هەوڵەكە، كازمی لە تویتێكدا سەلامەتی خۆی ڕاگەیاند و داوای “هێوركردنەوەی و خۆكۆنتڕۆڵكردنی لە هەمووان كرد لەپێناو عێراق”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

 عێراق: تائێستا هەرێم پابه‌ندی یاسای بودجه‌ نەبووە و هیچ داهاتێكی ڕادەست نەكردووە

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی یاسای بودجه‌ نەبووە و هیچ داهاتێكی راده‌ستی حكومه‌تی فیدڕاڵ نەكردووە.…
زیاتر ببینە

كێ سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەكات؟

ئه‌میندارێتىی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌رۆكى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ‏نوێنه‌رانى دیاریكرد، كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی 9ی مانگى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت.…
Total
0
Share