بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیکرد لە ماری پارێت، لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، حزبەکەی لەگەڵ ئەو لایەنانەدایە کە تێڕوانینیان بۆ حکومەتی نوێی عێراق خزمەتگوزاری و چاکسازییە، چونکە عێراق پێویستی بەوەیە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر پرسە سیاسی، ئەمنییەکان و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان ھەرێم و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و پشتیوانیکردن لەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی یەکڕیزی و یەکوتاری کوردی دووپاتکردەوە لەبەغداد و ڕوونیکردەوە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن یەک ھەڵوێستیمان زامنی پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمانە و تەبایشمان لەناوەند فاکتەری بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێمە و دەتوانین باشتر رۆڵ بگێڕین لەپێناو داھاتوویەکی باشتر لە عێراقدا.
لەبارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایشی تاک بیرو بۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و ھەماھەنگی ھەردوولا بە پێویست زانرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئکیدیکردەوە لە پێشینەی ئەرکەکانی یەکێتی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و ئاسایشی تاک بەتاکی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو ئەو بەربەستانەی ڕێگرن و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسی و چاودێر دەبن بەسەر ھاوڵاتییەوە لادەبرێن و ڕێگاش نادەین ئارامی تێکبچێت و ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بخاتە ژێر مەترسییەوە و لەو چوارچێوەیەشدا چاکسازییەکان بەردەوام دەبن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ ماری پارێت لە ئەرکە نوێکەیدا خواست و وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەرخستنی کارەکانی داوایکرد ھەماھەنگ بێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکان لەھەموو بوارەکاندا.