ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەوروپا داوادەكەن لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن توركیاوە بکرێت

داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانە دەكات

دەستەی دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا داوادەکات لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن توركیاوە لە هەرێمی كوردستان دژ بە گەریلاكانی پەكەكە.

هەریەک لە ئەندامانی دەستەی دۆستایەتیی کورد فرانسوا ئەلفۆنسی (پارتی سەوز/ ئیفا، فەرەنسا)، ئەندریاس شیدەر (ئێس دی، نەمسا)، نیکۆلاج ویلیامسۆن (چەپ، دانیمارک) لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتییان لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانە کرد، کە توركیا لە هەرێمی كوردستان بەکاریان دەهێنێت.

ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن، لە هەرێمی كوردستان “سەدان پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر، چالاکوانی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هۆشداری دەدەن، کە دەوڵەتی تورکیا لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا لەسەر خاکی عێراق چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت”.

داواش لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) و نووسینگەی کاروباری چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە دەستپێبکەن و کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ لەو پێناوەدا دابمەزرێنن.

ڕاشیانگەیاندووە، “تورکیا لە سوریا (ڕۆژئاوا) و عێراق (باشوور) لە ناوچە کوردییەکاندا سیاسەتی هێرشبەرانەى زیاتر کردووە و ماف و یاسا نێونەتەوەییەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆدانراو پێشێلدەکات”.

بە وتەی ئەندامانی دەستەی دۆستایەتیی کورد، ئەگەر دەستێوەردانێکی بەهێز و دەستبەجێ ئەنجامنەدرێت “تورکیا لە ئەنجامدانی ئەو کردەوە دژە ئاشتی و دژە مرۆڤایەتییانەدا بوێریی کردەوەی دیکەی هاوشێوەی دەبێت”.

بابەتی پێشتر

سەرژمێریی گشتیی عێراق بۆ كۆتایی ساڵی 2022 دواخرا

بابەتی دواتر

پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share