وەزارەتی کارەبا: هەوڵدەدەین لە زستانیشدا وەک ئێستا کارەبا بدرێت

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی ئاشکراکرد و بەپێی وەزارەتەکە لەئێستادا 17-18 کاتژمێر کارەبا دەدەن و هەوڵەکانیشیان بۆ ئەوە دەبێت لە زستاندا هەمان بڕ دابینبکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سێ کاتژمێر و نیو پێدانی کارەبای نیشتمانییان زیاتر کردووە و ڕۆژانە 17 بۆ 18 کاتژمێر کارەبا دەدەن بە هاوبەشان و دەڵێت، “هەوڵدەدەین لە وەرزی زستاندا لەسەر ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا بەردەوامبین”.

سەبارەت بە بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا کامیل قەزاز وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 21 هەزار پێوەری زیرەکیان لە هەرێمی کوردستان داناوە کە دەکاتە 68%ی کۆی تۆڕی کارەبای هەرێم.

لەو ژمارەیەش 350 هەزار پێوەری زیرەک خراونەتەکار و بەپێی پێوەرەکە کارەبا هەژمار دەکرێت.

وەزارەتی کارەبا سوود و ئامانجەکانی بەستنی پێوەری زیرەکی خستووەتەڕوو کە بریتیین لە:

– کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت.

– سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەبێت.

– بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەبا ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسوڵەی کارەبا چاپ دەکرێت و دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا.

– سیستەمی کارەبا سەقامگیردەبێت.

– گۆڕەرەکانی کارەبا بە تایبەتی لە زستاندا لە سوتان و دەستکاریکردن دەپارێزرێن.

– توانای سنووردارکردنی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا هەیە.

بەپێی داتای فەرمیی وەزارەتی کارەبا، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم شەش هەزار و 900 مێگاواتە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سوتەمەنی سێ هەزار و 600  تا سێ هەزار و 800 مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت.

بابەتی پێشتر

ڕۆژی کۆبانێ.. دڵی جیهان لەوێوە لێدەدات

بابەتی دواتر

یونسێف: کەمئاوی هەڕەشەی تووشبوون بە نەخۆشیی کوشندە لە منداڵانی عێراق دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share