مالكی: ژمارەی كورسییەكانمان لە كورسییەكانی سەدر زیاترە

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ژمارەی كورسییەكانی ئەو بەرەیەی لەگەڵ چەند لایەنێكدا پێكیهێناوە، زیاترە لە ژمارەی كورسییەكانی ڕەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر.

دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی ئەم مانگە، نوری مالكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و چەند كەسایەتییەكی دیكەی شیعەكان، بەرەیەكیان پێكهێنا بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی حكومەت.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە نوری مالكی لەبارەی دوایین هەوڵەكانی ئەو بەرەیە بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لەخۆی ڕایگەیاند، ڕووبەرێكی تر هەیە لە دەرەوەی ڕووبەری بەرەكەیان كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانن، ئەوانیش چوونەتەپاڵیان و بەوەش ژمارەی كورسییەكانیان زیاتربوون.

وتیشی، “بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بە سەركردەی لایەنە سیاسییەكانەوە و بەوەش دەتوانین بەسەر ڕەوتی سەدردا سەربكەوین”.

سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد كە “مەرجنییە گەورەترین فراكسیۆن تەنها شیعەكان پێكیبهێنن، بەڵكو هێزە نیشتمانپەروەرەكانی كورد و سونە و شیعە كە لەنێو خۆیاندا یەكڕیزن، كۆدەبنەوە و یەكدەگرن و لەو ئاسۆ نیشتمانییەدا ئێمە ئامادەگییەكی گەورەترمان هەیە”.

پێشتر هیشام ڕكابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالكی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، زیاتر لە 73 پەرلەمانتاریان لەچێوەی بەرەكەیاندا كۆكردووەتەوە و هەوڵەكانیشیان بەردەوامن لەپێناو زیاتركردنی ژمارەكە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، 37 كورسی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا ڕەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی هەیە، بەڵام مالكی و لایەنە شیعییەكانی تر پێكەوە بەرەیەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گاتع ڕكابی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندبوو، بەرەكەیان كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیی بەهێز كە توانای پێكهێنانی حكومەت و جێبەجێكردنی كارنامە نیشتمانییەكەی و پاراستنی حكومەتی لە گێچەڵپێكردن هەبێت.

بابەتی پێشتر

ئینتەر میلان 2-0 ئودینێزی

بابەتی دواتر

دەستگیرکردنی 23 کۆچبەری عێراقی لە سنوری ئەڵمانیا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی…
Total
0
Share