لایەنە عەرەب و توركمانەكان پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا ڕەتدەكەنەوە

بەشێك لە لایەنە عەرەبی و توركمانەكانی كەركوك ناڕەزایی خۆیان لەبارەی پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچە كوردستانییەكان دەردەبڕن.

ئەو ناڕەزاییە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداريی بەشێك لەو لایەنانە و خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێك خرایەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوی لایەنەكاندا هاتووە، “لەكاتێكدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشێندرایەوە و حكومەت بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بڕیارێكی دەركرد بۆ خستنەپاڵی یەكێك لە لیواكانی پێشمەرگە بۆناو سوپای عێراق”.

ئاماژەشدەدات، “هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە شاری كەركوك پێداگیریی حكومەت لە پەلكێشكردنی كەركوك و ئەوەی ناودەبرێت بە ناوچە جێناكۆكەكان بۆناو گرێبەستی سیاسی بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی و پێكهێنانی هێزی هاوبەش ڕەتدەكەنەوە”.

هەفتەی ڕابردوو قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر گواستنەوەی لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە بۆسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئێمەش سەرقاڵی ئامادەكاریی ناوەكانین تا ڕەوانەی بەغدادیان بكەین.

وتیشی، “ئەو بڕیارە لەچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقە بۆ دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش كە دواتر ڕاژەیان دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و مەشق و مووچە و فەرمانیش هەر لەوان وەردەگرن”.

لیوا قارەمان ڕوونیشیكردەوە، ئەو دوو لیوایە لە سنووری كەركوك، دەشتی نەینەوا، مەخمور و خانەقین جێگیردەكرێن بە دوو شێوە ئەوانیش بەشێكیان تێكەڵدەبن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان، بەشێكی دیكەشیان لە سنووری كەركوك تا خانەقین و مەخمور تا موسڵ جێگیردەكرێن.

 

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

بانگەوازی ناسا بۆ جیهان: نەوەكانمان ژیان لە دەرەوەی زەوی ئاشكرادەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share