ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لەبارەی سێ تەوەر كۆدەبێتەوە، ئەم هەفتەیەش دووبارە تاوتوێی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێك دەكرێت:
یەکەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان (بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان) و پڕۆژەی تایبەت بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا.
دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و ڕێژەی کوتانی هاوڵاتییان بە ڤاکسین، بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سێیەم: خستنەڕووی بابەتی گرانبوونی نرخی سوتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەم بوارە.