مافەكانی هەرێم دەستەبەربكات
سائیروون و تەقەدوم باس لە شێوازی پێكهێنانی حكومەت دەكەن

سەركردەی هەردوو هاوپەیمانیی سائیروون و تەقەدوم كە دوو لایەنی براوەی هەڵبژاردنن و نوێنەرایەتیی شیعی و سوننییەكان دەكەن، بۆچوونی لایەنەكانیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكەن و بەپێویستی دەزانن حكومەتێكی گشتگیری خزمەتگوزار بێت.

موزاحم ئەلخەیات، سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدوم بەسەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باس لەوە دەكات كە هاوپەیمانێتییەكەیان بەپێویستی دەزانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و ڕایگەیاند، “ئێمە لە هاوپەیمانیی تەقەدوم داوای گفتوگۆیەكی سیاسیی گشتگیر دەكەین كە هەموو هێزە سیاسییەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق تیایدا بەشداربن، بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێك كە خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هاوڵاتییان دەستەبەربكات و بەگژ گەندەڵیدا بچێتەوە و هەلی كار بڕەخسێنێت، چاكسازی بكات و ناوچە ڕزگاركراوەكان ئاوەدانبكاتەوە”.

لای خۆیەوە ئەمیر ئەلکیانی، ئەندامی بۆردی سیاسەتی ڕەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی دەكات بە ئێستا-ی ڕاگەیاند، بۆچوونی زاڵ ئەوەیە كە حكومەتێك لەسەر بنەمای زۆرینەی سیاسی پێكبهێنرێت و وتی، “بە بۆچوونی ئێمە پێویستە ئەزموونەكانی ڕابردوو لە پێكهێنانی حكومەتدا دووبارە نەكرێنەوە، چونكە دەركەوت ئەزموونی شكستخواردوو بوون”.

وتیشی، “زیاتر لە بۆچوونێك سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت هەن، لەوانە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی كە زۆرێك بە سەركەوتووتر و باشتری دەزانن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەو مەرجەی هاوسەنگی ڕابگیرێت و مافی پێكهاتەكان و هەرێمی كوردستان دەستەبەربكرێن”.

بەوتەی ئەلكیانی، “مافی هەموو لیستە براوەكانی هەڵبژاردنە هاوپەیمانێتی پێكبهێنن، بەڵام هەندێكیان ژمارەی كورسییەكانیان یارمەتیدەریان نین، ئێمە هەوڵدەدەین بەشێوەیەكی ئەقڵمەندانە گفتوگۆبكەین لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێك كە خزمەتگوزاری دەستەبەربكات و كارنامەكەی جێبەجێبكات”.

بابەتی پێشتر

پلانی پاریس بۆ جێگرتنەوەی مباپێ

بابەتی دواتر

نەوت و كانزاكانی سلێمانی لەبارەی بەنزینەكەی بەغدادەوە ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share