وەزیری ژینگەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە لەڕووی كاریگەربوون بە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەواوە.
جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕووبەڕووی ئالنگاریی نوێ دەبێتەوە لە بوارە ژینگەییەكاندا، بەهۆی ئەوەی پێنجەم زۆرترین وڵاتی جیهانە لەڕووی كاریگەربوون بە پرسی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا لە بوارەكانی (پیسبوونی ژینگە، بەبیابانبوون، وشكبوونەوە، گەردەلولی خۆڵین و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو).
بە وتەی فەلاحی، ئەو دۆخە بەشێوەیەكی گشتی كاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراك و ئاو دەبێت و لە ئەنجامیشدا كاریگەریی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دەبێت.
ئەو وتانەی وەزیری ژینگە لەكاتێكدایە عێراق ئەندامێتیی لە مەكتەبی جێبەجێكاری وەزیرانی عەرەبیی بەرپرسیار لە كاروباری ژینگەی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای كۆبوونەوەیەكی مەكتەبەكە.
هەنگاوەكەی عێراق بە چەند ڕۆژێك دێت بەر لە كۆنگرەی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا كە بڕیارە لە 1ی تشرینی دووەمی داهاتوو لە گلاسكۆ-ی سكۆتلەندا بەڕێوەبچێت و تیایدا ڕێككەوتنی پاریس تایبەت بە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان تایبەت بە سنووردانان بۆ دەردانی دەردراوە گازییە زیانبەخشەكان تاوتوێ بكرێت و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.