سكاڵایەكی سەر ئومێد بەرۆشكی دەكێشرێتەوە

ئومێد بەرۆشكی

یەكێك لەو سكاڵایانەی لەسەر ئومێد بەرۆشكی، چالاكوانی بەندكراوی بادینان تۆماركراون دەكێشرێتەوە، خاوەن سكاڵاكە دەڵێت، لێی دەبورم.

مەلا ئیحسان ڕێكانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سكاڵاكەم لە دژی ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشكی دەكێشمەوە”.

ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی، چالاكوانانی بەندكراوی بادینان بەڕێوەچوو و تیایدا لەلایەن دادگاوە سزای یەک ساڵ زیندانیکردن بۆ هەر یەکێکێکیان دیاریكرا.

بەهۆی بەسەربردنی ماوەی سزاكەیەوە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەدەل بەرواری ئازادبكرێت، بەڵام ئومێد بەرۆشکی بەهۆی ئەوەی پێشتر بە چەندین دۆسیەی دیكە سزادراوە لە زیندان دەمێنێتەوە.

دوایینیان دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا بوو كە لەلایەن دادگای دهۆكەوە سزای شەش مانگ زیندانی ڕووبەڕووكرایەوە بەتۆمەتی ناوزڕاندنی پەرلەمانتارێكی پارتی.

هەرچەندە دادگاییکردنە کۆتاییهاتووە و دادگا بڕیاریداوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە وتی، “سكاڵاكەم دەكێشمەوە و لە ئومێد بەرۆشكی دەبورم”.

ڕۆژی 15ی ئایاری ساڵی ڕابردوو، یەك ڕۆژ پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، كە ڕێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە بوون، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران و تائێستا لە زیندانن.

هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بوو كە لە ئابی 2020 لە زاخۆ ئەنجامدرا و دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا ڕوویدا.

زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان ڕووبەڕووكراوەتەوە، لەنێویاندا پێنج كەسیان لە ناوەڕاستی شوباتی ڕابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران.

لەماوەی ڕابردوودا چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوون، هەروەها ژمارەیەك ڕێكخراوی جیهانی، ڕاپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردووەتەوە، جگە لە هەوڵ و فشاری كونسوڵی وڵاتان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا سزای سزادراوان هەڵبوەشێنێتەوە.

لە 19ی شوباتی ڕابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركراوان بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “لە نزیكەوە چاودێریی دەستگیركردنەكانی ئەمدواییانەی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان و دادگاییكردنیانمان كرد، ئەمریكا بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی ئازادیی بیروڕا، لەنێویشیاندا ئازادیی بیروڕای ڕۆژنامەنووسان و ئەمریكا لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوامدەبێت”.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا دووپاتیشیكردووەتەوە، “كۆمەڵگە دیموكراتەكان، ڕێز لە ئازادیی بیروڕا دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕۆژنامەنووسان دەكەن لەپێناو گواستنەوەی هەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەسەندنەوە”.

لای خۆیەوە ڕێكخراوی CPT، كە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایش ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەشنەکرد کە تۆمەتەکانیان بۆ چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت.

دەشڵێت، “ئەندامانی تیمی CPT بەقوڵی نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەم پرۆسەیە کە تیایدا مافە مەدەنی و سەرەتاییەکان بە ئامانج دەگیرێن و دەبنەھۆی تێکدانی ژیانی ئەوانەی کە ڕاستییەکان ئاشکرادەکەن و بەڕووی توندوتیژیدا دەوەستنەوە”.

داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، دەستبەجێ (بەدەل بەرواری، ئومێد بەرۆشکی، ئەیاز کەرەم، گوهدار زێباری، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) لە زیندان ئازادبکات.

بابەتی پێشتر

یونیسێف: 10 هەزار منداڵی یەمەنی بوون بە قوربانیی شەڕ

بابەتی دواتر

پاوڵ.. یەكەمین وەزیری ڕەشپێستی دەرەوەی ئەمریكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share