دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی نوێنەران كۆتاییهات

لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتاییهات، دوای نزیكەی 24 كاتژمێری دیكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامە بەراییەكان ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ لە كاتژمێر 07:00ی بەیانییەوە دەرگای بنكەكانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا كرایەوە و دەنگ درا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دەنگدان كرابوونەوە.

3226 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد، 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسی لە كێبڕكێدا بوون لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە سەدان كاندیدی سەربەخۆی دیكە.

بڕیارە دوای نزیكەی 24 كاتژمێری دیكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوبكاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share