ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتی نیگەرانیی 26 پەرلەمانتاریان ڕادەستی كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “بە نوێنەرایەتی ئەو 26 پەرلەمانتارەی ئیمزای یاداشتی نیگەرانییان کردبوو دژ بە پیرۆزییەکانی مسوڵمانان، سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری فەڕەنسامان لە شاری هەولێر کرد”.
ئەو پەرلەمانتارە كە بە یاوەریی هەریەك لە شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو و شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری گۆڕان سەردانەكەی ئەنجامداوە، وتی، “ڕامانگەیاند كە ئەو بێڕێزی و سوکایەتییەی وڵاتەکەتان بە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد (درودی خوای لەسەر بێت) لای ئێمە زۆر قورسە. بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی هەر ئاینێک، کارێکی خراپ و ڕەتکراوەیە”.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە سەرکونسوڵی فەرەنسا پێیڕاگەیاندوون “یاداشتی نیگەرانیتان لە قەناعەتتانەوەیە و بەڵێن دەدەین کە بیگەیەنینە سەرۆک ماکرۆن و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەم”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، بەوتەی سەرکونسوڵی فەڕەنسا، ئەوان هەماهەنگیی لەگەڵ میلەتی کورد زیاتر دەکەن و دۆستایەتیشیان لەگەڵ گەلانی مسوڵمان هەیە.