حكومەتەكەی بایدن سزاكانی ئەمریكای لەسەر توركیا درێژكردەوە، كە دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەسەریدا سەپاندبوو.
كۆشكی سپی لە ڕاگەیەندراوێكدا درێژكردنەوەی سزاكانی سەر ئەنقەرەی ئاشكراكرد، دەلێت، “دۆخی سوریا، بەتایبەت كارەكانی حكومەتی توركیا لە نمونەی هێرشكردنە سەر باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، بەرەنگاربوونەوەی داعش پەكدەخات، مەترسی لەسەر هاوڵاتییانی سڤیل دروستدەكات و هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە”.
زیاتر لەوە، كۆشكی سپی بەردەوامیی هێرشەكانی توركیای بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان بە “هەڕەشەیەكی نائاسایی و بێوێنە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا” وەسفكردووە.
بۆیە حكومەتەكەی جۆ بایدن بڕیاریداوە سزاكانی ئەمریكا لەسەر توركیا درێژبكاتەوە.
ئەو سزایانەی ئەمریكا لەسەر توركیا ڕۆژی 14/10/2019 لەلایەن حكومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە بەسەر ئەنقەرەدا سەپێنرا، ئەویش بەهۆی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان.
سزاكانی ئەمریكا چەند بەرپرسێكی توركیای گرتەوە، لەوانە، هەردوو وەزیری بەرگری و وزە.