بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی جیهان، ڕوسیا ستافێكی سینەمایی دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان بەمەبەستی وێنەگرتنی فیلمێك.
فیلمە ڕوسییەكە لە دەرهێنانی كلیم شیپینكۆیە و ژنە ئەكتەر یولیا پێریسیلد ڕۆڵی پاڵەوانی فیلمەكە دەگێڕێت، كەشتیی ئاسمانیی سویوز ئێم ئێس- 19 ستافەكەی لە كازاخستانەوە گواستووەتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
هاوژینی دەرهێنەری فیلمەكە كە ژنە ئەكتەر سۆفیا كاپۆنینایە ئاشكرایكردووە، هاوسەرەكەی ناچاربووە 15 كیلۆگرام لە كێشی كەمبكاتەوە بۆئەوەی بتوانێت گەشتەكە بكات.
یولیا پێریسیلد كە پاڵەوانی فیلمەكەیە، ڕۆڵی پزیشكێكی ژن دەگێڕێت كە پسپۆڕی دڵە و دەینێرن بۆ بۆشایی ئاسمان لەپێناو ڕزگاركردنی گەردوونناسێكدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو گەردوونناس ئۆلگ نۆڤێتسكی و بیوتەر دۆبرۆڤ بەشداریی فیلمەكە دەكەن.
بەپێی میدیای ڕوسیا، ستافەكە دەبێت لەماوەی 12 ڕۆژدا كارەكانی وێنەگرتنی دیمەنەكانی فیلمەكە لە بۆشایی ئاسماندا تەواوبكەن و وێنەگرتنەكەش لە بەشە ڕوسییەكەی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسماندا ئەنجامدەدرێت.
هاوكاتی ئەم هەنگاوەی ڕوسیا، ئەمریكا لەڕێگەی ئاژانسی “ناسا”وە ئامادەكاری دەكات بۆ پرۆژەی وێنەگرتنی فیلمێك لە بۆشایی ئاسماندا كە تۆم كروز ڕۆڵی پاڵەوانێتییەكەی دەگێڕێت.