بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لەئێستادا بەشێک لە منداڵان تووشی چەند جۆرە پەتایەک دەبن كە بەشێكیان بە كۆرۆنا تووشبوون و بەشەكەی دیكەشیان تووشی جۆرێک لە پەتای هەڵامەتی ئاسایی دەبن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی تەندروستیی سلێمانی، نیشانەکانی پەتاكە بریتین لە تا، کۆکە، هەڵامەت، سکچوون، ڕشانەوە، ئازاری سک و سەرئێشە، هەندێک لە منداڵەکان نیشانەکانیان سووکن و بەشێکی دیکەشیان بەتوندی تووشی دەبن.
بەگوێرەی نیشانەکان و ئەو شیکارییە تاقیگەییانەی كە تەندروستیی سلێمانی كردوونی، دەرکەوتووە بەشێکیان تووشبووی کۆرۆنان، بەشەكەی دیکەشیان تووشی جۆرێک لە پەتای هەڵامەتی ئاسایی بوون.
لەو بارەیەوە، د. پشدەر عەبدوڵڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان ڕایگەیاندووە، بەهۆی کردنەوەی دەرگای خوێندنگا و قوتابخانەکان چاوەڕوانکراوە کە ئەو حاڵەتانە زیادبکەن، بەتایبەت کە ساڵی پار دەرگای ئەو شوێنانانە داخراوبوون و کەمترین تووشبووی منداڵ هەبوو.
لە ئەنجامدا وەكخۆی دەڵێت، “بەشی زۆری منداڵان بەرگرییان بۆ دروستنەبووە بۆ کۆرۆنا و پەتا وەرزییەکان، بۆیە چاوەڕوانکراوە کە ئەمساڵ حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا و پەتای وەرزیش زۆرببن.
ئەو پزیشكە ڕێنمایی دەدات بە خوێندكاران و دەڵێت، “لە ئێستادا باشترین ڕێکار کە بگیرێتەبەر خۆپارێزییە، منداڵان فێربکرێن کە چۆن خۆپارێزی بکەن”.
دەربارەی پەتاكەش ڕوونیكردووەتەوە، “بەشی زۆریان بەسووکی تووشی دەبن، بەشێکیشیان نیشانەیان هەر لێدەرناکەوێت، بەشێکیشیان بەتوندی تووشدەبن، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دوای چەند ڕۆژێکی کەم بارودۆخیان باشدەبێت و دەنێردرێنە بۆ ماڵەوە”.
ئاشكراشیكرد، “بارودۆخ زۆر ئاساییە، توانای نەخۆشخانەکەیان لەڕووی ژمارەی بێد و ئامێری پێویست و دەرمان و تاقیگەوە هەنگاوی باشی ناوە و دەتوانم بڵێم لە باشترین بارودۆخداین”.