توركیا ڕازینەبووە ناوی “كوردستان” بەو كۆڕبەندە ئابورییەوە بێت، كە بڕیاربوو لە هەولێر ئەنجامبدرێت و جگە لە هەرێمی كوردستان و عێراق، توركیاش بەشداریی تێدا بكات.
بڕیاربوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆڕبەندێكی ئابوریی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و عێراق بە بەشداریی توركیا بەڕێوەبچێت، لەو نێوەندەدا دوێنێ محەمەد مووش وەزیری بازرگانیی توركیا گەیشتە هەولێر.
بەپێی زانیارییەكانی ئەیوب وەرتی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا، شەوی ڕابردوو لایەنی توركی تیمی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمیان ئاگاداركردووەتەوە، كە نابێت ناوی “كوردستان” بە كۆڕبەندەكەوە هەبێت و هەروەها ئاڵای كوردستانیش لە كۆڕبەندەكە دانەنرێت.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێستا دراوە، وەڵامی تیمی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەرێنی بووە و ئەگەر هەیە گرفت بۆ بەڕێوەچوونی كۆڕبەندە ئابورییەكە دروست ببێت.
بەشی سۆرانیی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی كۆڕبەندەكەی ناوناوە “دیداری کاریی تورکیا – عێراق”، بەڵام پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر وتی، كۆڕبەندەكە ناوی “كۆڕبەندی ئابوریی كوردستان و توركیا”یە و دیارنییە لەبارەی ناو و ئاڵاوە دەگەنە ڕێككەوتن یان نا.