قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە ساڵیادی “شەهیدانی خێڵی حەمە”دا ئاراستەی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان كرد.
لە پەیامەكەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “لەم ڕۆژە پڕ لە ماتەمەدا یاد و یادەوەریی ئەو قارەمانانە بەرزڕادەگرین و سەری ڕێز بۆ گیانفیدایی و ئازایەتی و قورباندانیان نەوی دەكەین”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئەو شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی تری ڕێگای ڕزگاریی كوردستان و شەهیدانی نەبەردییەكانی دژەداعش، خاوەن چاكەی هەرە گەورەن لە زامنكردنی ژیانێكی ئازاد و ئارام بۆ خەڵكی كوردستان”.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جەختدەكاتەوە كە “هەمووكات هەرچییەكیشمان پێبكرێت بۆ كەسوكاری شەهیدان بەئەركی لەپێشینەی سەرشانی خۆمانی دەزانین”.
دەقی پەیامەكە:-
بەڕێزان كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی خێڵی حەمە
جارێكیتر ساڵیادی پڕ سوێی شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان لە خێڵی حەمە هاتەوە، لەم ڕۆژە پڕ لە ماتەمەدا یاد و یادەوەریی ئەو قارەمانانە بەرزڕادەگرین و سەری ڕێز بۆ گیانفیدایی و ئازایەتی و قورباندانیان نەوی دەكەین.
خوێنی شەهیدانی خیڵی حەمە بوو بە نەفرەت بۆ تیرۆر و تیرۆریستان و زیاتر دڕندەیی و قێزەونیی ئەوانی لەبەرچاوی دنیا دەرخستن، هەرچەندە ئەو كارەساتە هەمیشە لە ناخ و ویژدانماندا زیندووە و بەتێپبەڕبوونی كات كۆن نابێت، بەڵام ئاسوودەین بەوەی تیرۆریستان و تاوانباران لە كوردستاندا ڕیشەكێشكران و بە یارمەتیی دۆستان و هاوپەیمانان و بە بازووی هێزی پێشمەرگە قارەمانەكان كێوماڵكران.
ئەو شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی تری ڕێگای ڕزگاریی كوردستان و شەهیدانی نەبەردییەكانی دژەداعش، خاوەن چاكەی هەرە گەورەن لە زامنكردنی ژیانێكی ئازاد و ئارام بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ ئەزموونە حوكمڕانییەكەی كە خەونی مێژوویی ملیۆنەها كوردە لە سەرانسەری جیهان، لەئێستاشدا ئێمە دەمانەوێت بەیەكڕیزیی زیاتر پێگەی هەرێم بەهێزتربکەین لە چوارچێوەی دەوڵەتی فرەچەشن و فیدراڵی عێراقدا.
لە ساڵیادی خەمناكی شەهیدانی خێڵی حەمەدا دروود بۆ ڕۆحی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین و بەشداریی ماتەم و فرمێسكی خێزان و كەسوكارە سەربەرزەكانیانین. هەمووكات هەرچییەكیشمان پێبكرێت بۆ كەسوكاری شەهیدان بەئەركی لەپێشینەی سەرشانی خۆمانی دەزانین.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران