دانپێدانانی كاكەمین نەجار بە داڵدەدانی ئەنفالچییەكان كاردانەوەی لێكەوتەوە

وتەكانی كاربەدەستێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دانی بەوەدا نا بەشێك لەوانەی كوردیان ئەنفال و جینۆسایدكردووە، لە هەولێر داڵدەدراون، كاردانەوەی بەرفراوانی لێكەوتەوە و سی ڕێکخراو و نووسەر و چالاكی بوارەكانی ئەنفال و كیمیاییباران و جینۆساید، ناڕەزایی دەردەبڕن.

ئەو ڕێكخراو و كەسایەتییانە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن، “دوێنێ 22-9-2021 لەسەر زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەناوی (كاكەمین نەجاڕ)، بۆ یەكەم جار ڕاشكاوانە ئاشكراكرا كە كوردستان بووەتە مۆڵگەی پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق، بەوەی ئێستا ئەو تاوانبارانە لە كوردستان دەژین و داڵدەدراون”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، “ئەوەی كاكەمین نەجاڕ ئاشكرای كرد، 30 ساڵە لە كوردستان جێبەجێدەكرێت لەژێر ناوی لێبوردنی بەرەی كوردستانی و ئاشتەواییدا، وەلێ نەجاڕ بە ئاشكرا دەریبڕی و لەكاتێكدا تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە، ئەوانە تاوانی زەق و گەورەیان ئەنجامداوە”.

ڕێكخراو و نووسەر و چالاكوانەكان لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەیاندا، ئەو بابەتە بە سووكایەتی ناوزەد دەكەن و دەڵێن، “ئەم دانپێدانانە ڕاستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە، نەك بە تەنها جاش و موستەشارەكان لە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون، بەڵكو دانپێدانانێكی ڕاستەوخۆیە بەوەی كە سەرانی ڕژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد لەئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەژین و داڵدەراون، وەك بینیمان لەماوەی ڕابردوودا عزەت دوری و ئەرشەد زێباری لە كوردستان مردن و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حزبی بۆدانرا، كە هەموو سووكایەتیبوون بە ڕابردوو و ئێستامان”.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەو ڕێكخراو و نووسەر و چالاكوانانەی بواری ئەنفال و جینۆساید داوا لە داواكاری گشتی دەكەن، “بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و چیتر ڕێگە بەو جۆرە سووكایەتییە بە یاسا و قوربانییانی جینۆساید نەدەن و تاوانباران و داكۆكیكاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆسایدی گەلی كورد ڕاپێچی دادگا بكەن”.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:-

داڵدەدانی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید شەرمەزاردەكەین

دوێنێ 22-9-2021 لەسەر زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەناوی (كاكەمین نەجاڕ)، بۆ یەكەم جار ڕاشكاوانە ئاشكراكرا كە كوردستان بووەتە مۆڵگەی پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق، بەوەی ئێستا ئەو تاوانبارانە لە كوردستان دەژین و داڵدەدراون گوایە پەشیمانن لەوەی بەشداربوون لە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید بەرامبەر بە گەلەكەمان، لەوانە تاوانەكانی ( ئەنفال و هەڵەبجە)، لەكاتێكدا زۆریان وەك تاوانبار لە دادگاكان ناویان هاتووەتەوە و سزای خۆیان وەرنەگرتووە، بە فەرمیش دانیان بە تاوانەكانیان نەناوە و داوای لێبوردنیشیان نەكردووە.

ئەوەی كاكەمین نەجاڕ ئاشكرای كرد، 30 ساڵە لە كوردستان جێبەجێدەكرێت لەژێر ناوی لێبوردنی بەرەی كوردستانی و ئاشتەواییدا، وەلێ نەجاڕ بە ئاشكرا دەریبڕی و لەكاتێكدا تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە، ئەوانە تاوانی زەق و گەورەیان ئەنجامداوە.

ئەم دانپێدانانە ڕاستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە، نەك بە تەنها جاش و موستەشارەكان لە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون، بەڵكو دانپێدانانێكی ڕاستەوخۆیە بەوەی كە سەرانی ڕژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد لەئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەژین و داڵدەراون، وەك بینیمان لەماوەی ڕابردوودا عزەت دوری و ئەرشەد زێباری لە كوردستان مردن و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حزبی بۆدانرا، كە هەموو سووكایەتیبوون بە ڕابردوو و ئێستامان.

ئێمە لێرەدا وەك ڕێكخراوكانی بواری جینۆسایدی گەلی كورد، بە توندی ئیدانەی داڵدەدان و دادگایینەكردنی تاوانبارای جینۆساید و ئەو جۆرە لێدوان و پاڕانەوە و بەرگرییە لە تاوانباران دەكەین، كە زۆر بێباكانە بەناوی (پەشیمانبوونەوەی ئەو تاوانبارانە) لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شانازییەوە دەفرۆشرێتەوە. لەكاتێكدا لە یاسای بەركار و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، شتێك نییە بۆ پەشیمانبوونەوە و تاوانبار دەبێت بە سزای یاسایی خۆی بگات، نەك ئەوەش بەڵكو داكۆكی و پاڕانەوە لە تاوانباران، جۆرێكە لە تاوان و لە زۆر وڵات سزای بۆ داندراوە.

هەر بۆیە داوا لە داواكاری گشتی دەكەین، بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و چیتر ڕێگە بەو جۆرە سووكایەتییە بە یاسا و قوربانییانی جینۆساید نەدەن و تاوانباران و داكۆكیكاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆسایدی گەلی كورد ڕاپێچی دادگا بكەن، هەرچەندە لە ڕابردوودا سكاڵای ئێمەی وەرنەگرتووە دژ بە تاوانبارانی ئەنفال.

1- کۆمەڵەی داکۆکی له پرسی ئەنفال

2- ڕێكخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ

3- ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆسایدkwg

4- ڕێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان

5- تۆڕی ڕێكخراوە كوردستانیییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی -koncicc

6- ڕێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال

7- ڕێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ojc-

8- عەلی بەندی نووسەر و لێكۆڵەر لەبواری ئەنفال

9- ئیبراهیم هەورامانی نووسەر و لێكۆڵەر لەبواری دۆزی هەڵەبجە

10- گروپی كار بۆ ئەنفال

11- عارف قوربانی نووسەر و لێكۆڵەر لەبواری ئەنفال

12- مەلا شاخی نووسەر و ڕۆژنامەنووس

13- لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و لێكۆڵەر لەبواری ئەنفال

14- هیوا سەید سەلیم نووسەر و كوڕی شەهید

15- عادل حاجی محەمەد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی داكۆكی لە ئەنفالكراوان

16- دكتۆر فاتیح سەنگاوی نووسەر و توێژەر لەبواری پرسی ئەنفال

17- ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید- چاك كوردستان

18- هێمن حەسیب چالاكوانی بواری جینۆساید

19- تۆڕی ئایكان كوردستان – ikn

20- ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان – oawmd

21- ڕێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی – www

22- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

23- ڕێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان

24- ڕێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ

25- ڕێكخراوی چواردەی چوار

26- دەزگای مۆنیومێنتی هەڵەبجە لە لاهای

27- دانا هەڵەبجەیی نووسەر و چالاكوانی بواری دۆسیەی هەڵەبجە

28- دلێر كەریم نووسەر لەبواری جینۆساید

29- ڕێكخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال و شەهیدان

30- عەلی مەحمود محەمەد نووسەر و چالاكوان لەبواری جینۆساید.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا و ڕوسیا كەمكردنەوەی مەترسییە سەربازییەكان تاوتوێدەكەن

بابەتی دواتر

دادگای دهۆك سزای یەك ساڵ زیندانیی بەسەر ئومێد بەرۆشكی-دا سەپاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئۆتۆمبێلێك بوو بە دوو بەشەوە

لە رووداوێكی هاتوچۆدا شۆفێرێك گیانیلەدەستدا دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بوو بە دوو بەشەوە. پەیامنێرمان پێی راگەیاندین، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر…
Total
0
Share