سوپای عێراق وەڵامی سوپای پاسداران دەداتەوە
سەرسامیی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە لێدوانە بێپاساوەكانی باقری

سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراق، وەڵامی سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە و لێدوانەكانی سەبارەت بە چالاكیی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە خاكی هەرێم و عێراق بە “بێپاساو” ناوزەد دەكات.

پێرێ یەكشەممە لیوا محەمەد باقری، سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كرد و وتی، “پێویستە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی جددی بگرنەبەر و ڕێگەنەدەن چەكدارانی دژ بە ئێران سەربازگە و بارەگای ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن لە هەرێم دابمەزرێنن و هێرش بۆسەر سنوورەكانی ئێران ئەنجامبدەن”.

سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنیدا بە درێژەدان بە پرۆسە سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆسەر هێزەكانی ڕۆژهەڵات و ڕایگەیاند، ئێران ڕێگە بە ئەنجامدانی هیچ كارێكی تێكدەرانە لە سنوورەكانیدا نادات.

لەبەرامبەر ئەو پەیام و هەڕەشەیەدا، سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێرانی دراوسێ، پەیوەندیی پتەون و لەسەر بنەمای هاوكاری و دراوسێیەتیی باش بنیاتنراون، بەمدواییانەش ئەو پەیوەندییانە لە هەموو ڕووەكانەوە بەرەوپێشچوون، بەتایبەت لە هەردوو بواری ئاسایش و سەربازیدا، لەسەر ئەم بنەمایە سەرسامیی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە لێدوانە بێپاساوەكانی بەڕێز لیوا محەمەد حوسێن باقری، سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران بەوەی كە جموجۆڵی دژبەرانە لە خاكی عێراقەوە بە ئاراستەی ئێران هەن”.

سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراق دەشڵێت، “جەختدەكەینەوە عێراق بەتوندی دژی بەكارهێنانی خاكەكەیەتی بۆ هێرشكردنەسەر دراوسێكانی و پابەندە بە دراوسێیەتی باش و پەیوەندیی برایانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا”.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا، سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراق بەپێویستی دەزانێت “هەمووان پابەندی زمانی برایانە و هاوكاری لە پەیوەندییە هاوبەشەكاندا ببن”.

بابەتی پێشتر

پێچەوانەی بۆچوونی باو، چا دەتوانێت چارەسەربێت بۆ بێخەوی

بابەتی دواتر

دژەتیرۆر دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە پێشمەرگەیەکی شەهید کردبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share