لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ زیانی گەورەی بە كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئەمریكا گەیاندووە كە بە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، وەك ئەوەی سایتی ڤۆیس ئۆف ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە.
بە هیوای كۆتایی هاتنی پەتاكە و گەڕانەوەی جوڵەی ئاسمانی بۆ كاتی ئاسایی پێشتر، كۆمپانیای ئەمریكان ئەیرلاینز لە كاتێكی پێشتری ئەمساڵدا بە ملیارەها دۆلار هاوكاری لە كۆنگرێس وەرگرت، ئەمەش وەك مینحە و قەرز بەمەبەستی هاوكاریكردنی لە تێپەڕاندنی قەیرانەكە.
كارل مۆر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێجی دیساوتیلز بۆ كارگێڕی لە زانكۆی ماكجیل ڕایگەیاند، ئەو داكشانەی ئێستا لە پیشەسازی فڕۆكەوانیدا لەئارادایە قەیرانەكانی تری وەك سارس و هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری 2011 بچوكتر كردووەتەوە.
وتیشی، “ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە گەشتی ناوخۆیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا تاڕادەیەك زیادیكردووە، بەڵام گەشتی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، تەنانەت گەشتی ناوخۆییش نزیكنەبووەتەوە لەوەی ساڵی ڕابردوو تیایدا بووە”.
سایتە ئەمریكییە ئاشكرایكرد زیانەكانی چارەكی سێیەمی كۆمەڵەی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە 11.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەتایبەتیش لەئێستادا پێنج ملیۆن كار لە بواری گەشتی ئاسمانیدا لەبەردەم مەترسیدایە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە، بەپێی پێشبینییەكانی كۆمەڵەی كاری گواستنەوەی ئاسمانی.
لەم نێوەندەدا گفتوگۆكانی نێوان كۆشكی سپی و كۆنگرێس دەربارەی گورزێكی نوێی هاوكاری درێژەی هەیە لەگەڵ بوونی ئاماژەیەكی كەم سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ئایندەیەكی نزیكدا.
لە حوزەیرانی ڕابردوو یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (ئیاتا) لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا قەبارەی زیانەكانی لە كەرتی فڕۆكەوانی سەر ئاستی جیهان بە 314 ملیار دۆلار خەمڵاند لە پاش بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە، ئەمە سەرەڕای قەرزی تر كە بە بڕی 550 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش بەهۆی وەستانی جوڵەی گەشتی ئاسمانی.