قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری دزینی ئاسنی تاوەرەکانی کارەبای لەو ناوچەیە ڕاگەیاند و لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەستبەسەر ئاسنی تاوەرەکاندا گیراوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، دوای نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، لە ناحیەكانی سەنگاو و شۆڕش سێ تۆمەتباری دزینی ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە نووسراوی ژمارە/ 4892 لە 2021/6/2 قائیمقامیەتی چەمچەماڵی لە چەند حاڵەتێکی دزینی ئاسنی تاوەری کارەباکان لە سنووری ناحیەی سەنگاو ئاگادارکرد، قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دوو نوسراوی بە ژمارەکانی / 1952 لە 2021/6/9 و 2855 لە 2021/8/22 ئاڕاستەی ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش و سەنگاو کرد، کە ئەو تاوەرانەی پێدا تیدەپەڕێت بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە”.
قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دەڵێت، هێزەکانی ئاسایشی ناحیەكانی سەنگاو و شۆڕش توانییان سێ کەس دەستگیر بکەن و دەستبەسەر ئاسنی تاوەرەکانیشدا گیراوە.
داواش لە هاوڵاتییان دەکات لەکاتی بینینی هەر حاڵەتێکی دزێو و ناشارستانی زانیاری بدەن بە هێزە ئەمنییەکان.