ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو شاری هەولێر لە یەكێك لە گەڕەکەكانی شارەكە هێزەکانیان هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکیان داوە، بەڵام تۆمەتبارەكە ڕوبەڕوی هێزەکانیان بووەتەوە و دوو کارمەندی بریندارکرد و دواتر خۆیشی لەو ڕوبەڕوبوونەوەیەدا کوژراوە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، “کەسێک بەناوی (ئەحمەد حمدامین ڕسوڵ) دانیشتووی شاری هەولێر داواکراو لە دادگا بە ماددەی (406) لە ڕێکەوتی (23/5/2021) مەفرەزەکانمان لە هەوڵی دەستگیرکردنی بوون، داواکراو تەقەی لێکردوون و دوو کارمەند و هاوڵاتیەکی ئافرەت بەناوی (ش.و.ر) برینداربوون و تاوانباریش توانی ڕابکات”.
ئاسایشی هەولێر باسی لەوەشكردووە، “دواتر تاوانبار بەردەوام هەڕەشەی لە هاوڵاتییان دەکرد و ببووە مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتیان، لە ڕێکەوتی (18/6/2021)یش هەڵسا بە کوشتنی هاوڵاتی (فرهاد جبار محمد)ـ و خۆی لە شوێنێکی نادیار حەشاردا”.
ڕوونیشیكردووەتەوە، تاوانبارەكە حەوت فەرمانی دەستگیرکردنی بە ماددەکانی (تیرۆر) و (هەڕەشە) و (کوشتن) و هەبوو، بۆیە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانی ئاسایش بەردەوام بوو، لەئەنجامدا توانرا شوێنی تاونبار دەست نیشان بکرێت.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایش، “ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناو شاری هەولێر لە گەڕەکی مهاباد هێزەکانمان هەوڵی دەستگیرکردینان دا، بەڵام تاوانبار بۆ جارێکی تر بەچەک و تەقەکردن ڕوبەڕوی هێزەکانمان بووەوە و دوو کارمەندی تری بریندار کرد و دواتر تاوانباریش لەو ڕوبەڕوبوونەوەیەدا کوژرا”.
ئاسایشی هەولێر هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کەوا هێزەکانیان هەمیشە لە ئامەدەباشیدان بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، دەشڵێت “هەرکەسێکی دەرچووش لە یاسا ڕوبەڕوی هێزە یاساییەكان ببێتەوە ئەوا بە تونترین شێوە بەرپەچی دەدەینەوە”.