شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە سێ ناوچەی جیاواز هێرشیان بۆسەر هێزە عێراقییە جیاوازەكان ئەنجامدا، لەنێو سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی ژمارەی قوربانییان زۆرن.
بەپێی میدیا عێراقییەكان، كاتژمێر 12:00ی شەوی ڕابردوو ژمارەیەك لە پاشماوەی چەكدارانی داعش هێرشێكیان بۆسەر ھێزەکانی لیوای 18ی پۆلیسی فیدڕاڵی لە گوندی تەلستیح-ی ناحیەی ڕەشاد سەر بە قەزای حەویجە ئەنجامدا.
بەهۆی هێرشەكەوە سیانزە پۆلیسی فیدڕاڵی كوژران و شەشی دیكە برینداربوون، بەشێك لەو قوربانییانە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە بووە، كاتێك بەهانای هێزەكەوە چوون.
هەر شەوی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی ئینگجە لەسەر ڕێگای خورماتوو-تكریت، چەكدارانی داعش هێرشێكیان بۆسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامدا.
پەیامنێرمان لە كەركوك ڕایگەیاند، لەنێو هێزەكەی حەشددا بریندار هەن.
لەلایەكی ترەوە كاتژمێر 02:00ی شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە گوندی قوچە سپیلکەی سەر بە ناحیەی قەراج هێرشیان کردەسەر ڕەبیەیەکی فەوجی سێی لیوای پەنجای سوپای عێراق.
لە ئەنجامی شەڕەكەدا کە ماوەی كاتژمێرێكی خایاند سێ سەرباز کوژرا و دووی دیكە برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە و هەمەرێکی سەربازیش تێکشکا.
زیانەکانی داعش-یش بە دوو کوژراو و بریندارێك زاندراوە.