وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کەناڵی IPLUS مۆڵەتی فەرمی نەبووە و ڕێکارە یاساییەکانی تەواو نەکردووە.
دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “ئەو کەناڵە مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرنەگرتووە و بۆ مەبەستی تایبەتی بەکارهاتووە.”
شیروان عەبدوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاندووە، ” كەناڵی IPLUS هیچ مۆڵەتێكی ڕەسمی نییە ، چونكە قۆناغە ڕەسمییەكانی بۆ دامەزراندنی كەناڵی تەلەفیزیۆنی جێبەجێ نەكردووە ، چونکە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێویستە داوایەك سەبارەت بە دامەزراندنی كەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕەوانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن بكرێت و دوای بوونی مەرجی پێویست ، ئەو كات مۆڵەت دەدرێتە كەناڵەكە ، بەڵام IPLUS تەنها ڕێكارێكی سەرەتایی ئەنجامداوە و هەر بۆیە مۆڵەتی رەسمی نییە.”
کەناڵی IPLUS لەماوەی ڕابردوودا وەک کەناڵی فەرمی لاهور شێخ جەنگی ناسێندرا، دوای زیاتر لە ساڵێک ئامادەکاری کەناڵەکە نەکەوتە پەخشکردن و وەک بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی پێکردووە کەناڵەکە بۆمەبەستی دیکە دوور لە کاری ڕاگەیاندن بەکارهاتووە.